میزان - کـوردستان
1.71K subscribers
199 photos
163 videos
68 files
875 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🔵پرسیار: بۆچی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگا ئێسلامییەکان  لەسەر دەسپێک و کۆتایی ڕەمەزان ئەویش لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەوندە کێشە ھەیە؟

وەڵام: بە بۆچوونی من کێشەکە دوو لایەنەیە. یەکەم: لایەنی ناوەکی باسەکەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ چۆنایەتی نەریت و شارەستانییەتی ئیسلامی. دووھەم: لایەنی دەرەکی باسەکەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی ناسییۆنالیستی دەوڵەت نەتەوکان کە لەو کێشە بۆ چەسپاندنی جیاوازی ناسیۆنالیستی خۆیان کەڵک وەردەگرن واتە باسەکە بە تەواوەتی سیاسی دەبێتەوە. بۆ لایەنی ناوەکی باسەکە نەسر حامید ئەبووزەید و حەسەن حەنەفی لە شیکاری نەریتی ئێسلامیدا ڕستەیەک لە مەحموود دەروێش قەرز دەگرن ئەویش ڕستەی « احتمينا بالنصوص فدخل اللصوص » واتە « خۆمان بە دەقەکان داپۆشی و پشتمان بە دەقەکان بەست ھەر بۆیە دزەکان ھاتنە ناوە ». ئەبووزەید و حەنەفی لە دوو گوتاری جیاوازدا دەڵێن: شارستانییەتی ئێسلامی و نەریتەکەی «شارستانییەتی دەق و گێڕانەوەیە: تمدن متن و روایت » و دەروازەی عەقڵانییەت بە زاڵیەتی دەقەکان بەستراوەتەوە. بە تایبەت ئەبووزەید لە کتێبی « الإمام الشافعي و تأسيس الإيديولوجية الوسطية » شافێعی و غەزاڵی و ئەشعەری بە سێ کۆچکەی داخستنی عەقڵانییەت لە نەریتی ئێسلامیدا ناوزەد دەکات. ھەر بۆیە لەم باسەی ڕەمەزانیشدا موسوڵمانەکان بە پشت بستن بە ڕێوایەت و نەقڵێکی شافێعی کە مێژوومەندی تایبەتی خۆی ھەیە و  مانگ ديتن به پێوەڕی کۆتایی و دەسپێکی مانگ دادەنێ، ئێستەیشی لەگەڵدا بێت لەو ڕێسا کۆنە لانادەن و بە تەعبیری جەلالی مەلەکشا « ھەر بە تەشیە کۆنەکانیان دەیڕێسن و لە بیری نوێ سڕ و سرکن». باوەڕمەندان بە نەریتی ئێسلامی ئەوندە بیر ناکەنەوە ئەمڕۆکە ئەو ھەمووە ئێمکاناتە جیاوازە لە زانستی ھەسێرەشناسییدا ھەیە و  دەکرێت پشتی پێ بەستن بۆ زانین دەسپێک و کۆتایی مانگ. ھەر بۆیە لێرەدا ڕێک دەبینین ئەو باسەی ئەبووزید درووس دەردەچێت و دەروازەی عەقڵانییەت بەسەر بیری مرۆڤی موسوڵماندا بەو دەقە کۆنانە دادەخرێت. ئێنجا بەشی دووھەمی باسەکە ئەوەیە لە« سەردەمی ناسیۆنالیزمدا » کە ھیچ شتێک لەو پاڕادایمە ناچێتە دەرەوە و تەنانەت ئایینیش بەپێی ناسیۆنالیزم دەخوێندرێتەوە، ئەو کێشە و بەرە بە پشت بەستن بەو دەقە کۆنەی شافێعی گڕی زیاتری دەدرێتەوە و ھەر دەوڵەت نەتەوەیەکی ڕۆژھەڵاتی ناوێن لە بەرژەوندی خۆی و بۆ چەسپاندنی شوناسی جیاوازی خۆی، بابەتەکە بە شێوەی سیاسی ناسیۆنالیستی و لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەیقۆزنەوە. بۆیە « احتمینا بالنصوص فدخل اللصوص » قسەیەکی زۆر درووسە و دزەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوڕاست ئەو باسە بە باشی ڕێو شوێنی ناسیۆنالیستی خۆیانی پێدەدەن چونک دەزانن مرۆڤی موسوڵمان زیاتر لەوەی ھێزی عەقڵی بە کار بھێنێت پەنا دەباتە نەقڵە جۆڕاوجۆرە کۆنەکان بێ ئەوەی سادەترین بنەمای ھێرمنۆتیکی بزانێت کە بریتی بێت لە « مرۆڤ و دەق بەستراون بە مێژووی تایبەتی خۆیانەوە» یان ئەو شتەی مەلاسەدرا دەیگووت « کلّ شيئي مسبوق بمادة و مدّة: ھەر شتێک لە پێشڕا گڕێدراوی ماک و ساتەوەختی تایبەتی خۆیەتی »... دەقە کۆنە ئایینیەکان و ھەروەھا بیروبۆچوونە فێقھی و ڕیواییەکان، ھیچ یەک لەمانە لە ڕێسای مێژوومەندی  تایبەت به شوێن کاتی خۆیان ( تاریخیت  زمان و مکان خاص خود ) ڕیزپەڕ نین و ھەموویان مێژوومەند و کاتبەندن. بە کوردی و بە کورتی کێشەکە ھەم لە نەریتی کۆمەڵگا موسوڵمانەکانەوە ھەڵدەقۆڵێت کە نەریتێکی « دەق تەوەرە » و ئێجازە بە بیرکردنەوەی نوێ نادات و ھەم لە کەڵک وەرگرتنی ناسیۆنالیستی دەوڵەت نەتەوەکان لەو باسە ئاو دەخواتەوە. ھەر بۆیە مرۆڤی کوردی  بێ دەوڵەت بۆ ئەم باسەی ڕەمەزانیش ڕێک وەکوو ھەموو شتێکی دیکەی، سەرگەردانی نێو ئەم ئاژاوانەیە و ھەندێکیان ڕوو لە ئیسلامیزمی عەرەبین کە ئەویش بۆخۆی لە قاڵبی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا دەردەکەوێت و لە بەرژەوندی ئەواندایە و یان خۆی بە پاشکۆی ئێسلامیزمی فارسیەوە دەبەستێتەوە و بە گوریسی ئەوان دەچێتە نێو چاڵەوە...

دوکتۆر حیسام(هیوا)خاکپوور

👇👇👇👇👇👇
http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵ئەم وڵاتە جەستەیێکە پڕ لە زام.

هەموومان بیستوومانە ئەگەر منداڵێکی تەمەن ژێر دوو ساڵ، پێنج ژەم لە شیری ژنێکی خواردبێ، ئەو منداڵە حوکمی ڕۆڵەی ئەو ژنەی هەیە،جگە لە باسی میرات نەبێ.
جا ئێمە تەواوی تەمەنمان لە ئاوی کانیاوەکانی کوردستانمان خواردووە، بە نانی ئەو گەلە ڕاهاتوین، لە سەر ئەم خاکە ژیاوین، داوای بەشەمیراتیشمان کردووە، کەچی خۆمان بە ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە نازانین!!
حوکم و بڕیاری ئێمە ئەبێ چی بێ، کە لە باتی ئەوەی ئەو نیشتمانە وەکوو دایکێکی دڵسۆز لە ئامێزی بگرین، کەچی وەکوو دیوارێکی هەرەس هێناو بۆی دەڕوانین و لێی دوورە پەرێزین؟ لە زمانەکەی، لە مێژووەکەی،لە داهاتوو چارەنووسی، لە کەلتور و هونەرەکەی، لە جل وبەرگی و لە گەورە پیاوانی و... ئەوەندە دوورە پەرێز کە باوەشمان کردووە بە کەلتور و زمان و هونەری گەلانی تردا و کوردستانی خەمبار و بێناز ، لای ڕۆڵەکانی خۆی غەریب ماوەتەوە. ئەم دەردە گرانە هۆکاری زۆرە، با بە کورتی باس لە چەن خاڵێکی گرینگ بکەین:
۱) دەروونی ئێمە کەلەوڕێژە لە شتی بێگانە،وەکوو مێمۆریێک کە پڕەو جێی نەماوە بۆ بابەتی تر. ئێمەش دەروونمان وەها لە بیری بێگانە ئاخنیوە کە خۆشەویستی بابەتە نیشتمانییەکانی تێدا خنکاوە. زۆر بیری ناڕەسەن هاتۆتە نێو خەڵک کە هیچ داکۆکیێک لەسەر بایەخەکانمان، داب و نەریتمان، پێناسەکانمان ناکەن. وەکوو ئەوەی کورد هەر نەبووبێ وایە. کابرا تەنیا بە وتن کوردە، دەنا نە تەنیا بە کوردی بیر ناکاتەوە، هەر بیر لە کورد ناکاتەوە. ڕەنگە دژایەتیشی بکات.
۲) کورد؛ بیری قازانجی تاکەکەسی پشتی شکاندووە. هەر ئەو بیرەیە کە هەموو شتێکی ئەم وڵاتەی بۆ هەراجە بازاڕ بردووە. ڕەنگە ئەو کەسانە خوێندەوار و تێگەیشتووشیان تێدا بێ و بزانن چ باسە، بەڵام بە وتەی شاعری عەرەب "چۆن پارە بەهەموو شتێ دەزانن بۆ پارەش هەموو کارێک دەکەن". دەزانن دڵسۆزی بۆ زمان و نیشتمان نانی لێ پەیدا نابێ، بۆیە خۆیان تووشی سەرئێشە ناکەن و خەونی شەوانیان، بە خەمی وڵات لێ بزر نابێ. لە هەر بوارێکا بێ، ئەوان ئیش بۆ قازانج دەکەن ،جا با کورد هەر بە خەسارا بچێ.
۳)بە نووسراوە یان بە فیلم، لە چیرۆکی "جلە تازەکانی پادشا" لە نووسینی "هانس کریستیەن ئەندرسن" بلیمەتی دانمارکی ئاگادارن، کە دوو پیاوی دەسبڕ لە بەرانبەر  پارەیێکی زۆر بەڵێنیان دابوو ،جلێکی تایبەت بۆ پادشا بدوورێنن کە تەنیا حەڵاڵزادەکان توانای بینینی ئەو جلەیان هەبێ. بەو فێڵە پادشا بە ڕووت و قووتی بە ناو شاردا دەگەڕێنن هەتا خەڵک سەیری جلی تازەی شا بکەن. کەسیش لە بەر ئابرووی خۆی ناوێرێ بڵێ شا ڕووتە. لیرەش زۆرینەی؛ بەخێر خوێندەوار و ڕووناکبیرمان لەبەر ئەوەی نەڵێن دواکەوتووە و لە ئەدەب و کەلتوور و هونەری پێشکەوتوو بێخەبەرە؛ لە کەلتوور و زمانی خۆی ڕووتیان کردۆتەوە، هیچیشیان پێ نەداوە، ناشوێرێ بڵێ: ئەرێ کوا جلەکانم؟
۴)سیستمی پەروەردە، مێدیاکان و.... ساڵەهای ساڵە وەها زەوق و هەستی جوانیناسی لێی تێک داوین، ئەوەی ناوی زەوقی کوردی بێ، کوێر بۆتەوە. جوانییەکانی وڵاتمان لە شێعر و هونەر بگرە تا جل و بەرگ، لێمان غەریبە. دەبینین کەسێک، پیاوچاکی خێر خوازیشە،بە شێعر و گۆرانی فارسی و عەرەبی تووشی جەزبە و خەلسە ئەبێ. بەڵام هێچ هەستێکی بەرانبەر بە شێعر و گۆرانی کوردی نییە. خۆ دیارە ئەوە زەوقی ژاراوی کراوە. جوانیناسی نەتەوەیی لە دەروونیدا کاول کراوە.ئەگینا جیاوازی شێعری حەزرەتی حافز و حەزرەتی وەفایی چییە؟ جیاوازی شمشاڵی نەمر قاڵە مەڕە لە گەڵ سازی فڵان ژەنیاری عەرەب و فارس چییە؟ خۆ ئەم بەڕێزانە لە خۆمانەوە نزیکترن، کەچی ئێمە بە لاقی خۆمان و بە مێشکی بێگانە هەر لێیان دوور ئەبینەوە، هەم بە زانست، کە بە زمانی خۆمان نەزانین، هەم بە زەوق کە تێکچووە. هەر ئەم خاڵە بە تەنیایی پیشاندەری بیرێکی بریندار و کارەساتێکی سامناکە لە دەروونی هاڕیاومانا.

ئەگەر ئەبینین ئەم نیشتمانە، بەو زمان و کەلتوور و هونەرە لێقەوماوە، بەو هەموو چەرمەسەریە و ژێر چەپۆکەییە، بەو هەموو تاڵان و بڕۆ بڕۆیە، هەتا ئێستا هاتووە و دەری بردوە و هێشتا زیندووە، تەنیا بە هۆی غیرەت ولەخۆ بردوویی گەورە پیاوانێک بووە کە بۆ زیندوو مانەوەی کورد وەکوو  هەڵۆی بەرزەفڕی شێعری هەژار، باوەشیان بە مەرگی خۆیاندا کردووە و پشت لە خۆشی و ڕوو لە مەینەت، تەواوی ساتەکانی ژیانیان لە پێناو پاراستنی پێناسە کوردییەکان لە زمان و ئەدەب و کەلتوور و هونەری کوردیدا بەخت کردووە. دەبا ئێمەش لانیکەم پارێزەری ئاواتەکانیان و ئاسەواری بە نرخیان بین و خۆمان بە ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە بزانین.


عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۱/۱۴

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
سڵاو...
تکایە بەشداریی ئەم راپرسییە بکەن.
هاوڕێیانتان، خزم و کەس و کارتان، دوور و نزیکتان، ناسیاو و نەناسیاوتان لە دوور و نزیکی کوردستان لەم راپرسییە ئاگادار بکەنەوە. تکایە هەر کەسێک بە هەر بیر و باوەڕێکەوە مادام خەڵکی کوردستانە ئاگادار بکەنەوە و داوایان لێ بکەن بەشداریی ئەم راپرسییە بکەن.
https://kurd.vote/2023/04/03/survey-for-rojhelat-kurdistan/

http://T.me/Mizankurdi
🔵 «قسەیەکی خۆش و چەن خاڵی جێی سەرنج»

دەگێڕنەوە لە ئێسماعیل بێشکچی ( ڕۆشنبیری بە شەرەفی تورک کە لە بەرگری لە مەسەلەی کورددا شانزە ساڵ زیندانی کێشا و بەڕێزیان کتێوی : کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەودەڵتی: کوردستان مستعمرە ای بین المللی نووسیوە) کە گوایە ڕۆژێک مەلایەک لە مزگەوتێکی تورکیە بە گەرمی لە خوتبەکەیدا باس لەوە دەکات ئەگەر کەسێک تورکی نەزانێت، ناچێتە بەھەشت.

کابرایەکیش بەو قسەیە کۆڵ کۆڵ دەگریت و ھەنسکە ھەنسکێکیەتی سەیر. دەڵێن ئەوە برادەر بۆ دەگری؟ دەڵێت خەمی ئەو پێغەمبەرە داماوەم لێھاتە چۆن دەچێتە بەھەشت؟! خۆ تورکی نازانێت. دیارە لەم قسە خۆشەدا چەن خاڵی جێی سەرنج ھەیە. یەکەم ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی تورکی لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا کە بڵاوی دەکردەوە ھەر کەس عەرەبی نەزانێت ناچێتە بەھەشت، بە شێوەیەکی پەرچە کردارانە و لە بەرامبەر وەھمی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا، دەھات ئەو وەھمانە لە نێو خەڵکی خۆی بڵاو دەکردەوە. ئەوەی لێرەدا ڕوونە کێشمەکێشی ناسیۆنالیزمەکانە لەسەر ئایین و دەیانھەوێت لە بەرژەوەندی خۆیاندا بیچەمێننەوە. تەنانەت مشتومڕێکی زۆر لەسەر پرسی خەلافەت لە نێوان ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکیدا ڕووی داوە. ئەو دەیگۆت خەلافەت تایبەتی عەرەبی قورەیشییە و ئەم دەیگوت تورکی عوسمانلییە کە شایانی ھەڵگرتنی ئاڵای خەلافەتی ئێسلامییە و ھەر دوولا پاساوی بۆ کردەی خۆی دەھێنایەوە و ئایینی لە خزمەت خۆیدا دەکار دەکرد. خاڵێکی دیکەی جێی ئاماژە، پرسی زمانە. ھەر لە فێردینان دووسۆسۆرەوە کە زمان بە لێکەوتەوی بژاردە و قەراردادی نێوان مرۆڤەکان دەزانێت و ھیچ پیرۆزایەتییەکی نییە بگرە، ھەتا لە میراتی کۆنی ئێسلامیشدا بزاڤی موعتەزیلە ئەو ڕاستییەی وتووە کە زمان لێکەوتەی قەراردادی بەینی ئێنسانەکانە و ئەوان بە چەمکی ”مواضعه“ ناوي دەبن و وەزع و کۆدەنگی نێوان مرۆڤەکان زمان دەخەمڵێنێت، ئەوە بوو موعتەزیلە باوەڕیان بە قیدمەت و ئەزەلی بوونی قورئان نەبوو و دەیانوێت لانی کەمی زمانەکەی بە ئێمە دەڵێت کە وەزعی نێوان مرۆڤە و کاتێ زەمانەکەی بابەتێکی خولقێندراو( حادث)ه،  دیارە بۆ خۆیشی بابەتێکی خۆلقێندراوە و ئەزەڵی و پریمۆردیال نییە . کەوایە بۆ وێنە من و تۆی کورد ڕێک دەکەوین بە کۆدەنگی بە سێ پیتی د، ا،ر: ”دار“ بۆ شجرة ي عەرەبی و TREE ئێنگلیسی بە کار بەرین بەڵام عەرەب ”دار“ بۆ ماڵ بە کار دەبات. ئەوەیە زمان حاسڵی وەزع و قەراردادە و ھیچ زمانێک پیرۆزایەتی نییە. کەوایە ئیتر ئەو سەربژێرییە دەدرایە زمانی عەرەبی و زۆر جار شافیعی لە فێقھی ئێسلامیدا ئەو عەرەبیەتەی چڕتر و چڕتر کردووتەوە، نەوەک پێگەیەکی زانستی نییە، بەڵکوو پیڕۆزایەتییەکی ڕۆحپڕوکێنە و بەس تەنیا بۆ ئێستێعماری زەینی مرۆڤەکانە، ئەو قسە بێ بنەمانە بڵاو دەکرێتەوە. خاڵێکی دیکەی جێی ڕامان ئەوەیە: دەی گەلۆ ئەگەر زمان ھیچ پیرۆزایەتییەکی نییە و ھەموو زمانێک بە ھێزی و لاوازی تایبەتی خۆی ھەیە و ھیچی بەسەر ئەوی دیکەدا سەرتری نییە، ئەی ئەوە چییە بە گوێمان دا دەخوێنن: قند شیرین پارسی را پاس بداریم و لە لایەکی دیکە تورکی دەکەن بە زمانی ھەتاو کە ڕۆشنایی دەبەخشێتە زمانەکانی دیکە و لەلایەکی دیکە عەرەبیمان بە تەواوترین زمان، پێدەناسێنن و ئەمە چ باسە؟ بە کورتی و کورمانجی ڕێک بۆ خەفە کردنی زمانی کوردی و لە خشتە بردەنی ناسنامەی کوردی و چڕتڕ کردنی کۆلۆنیالیزمی زەینییە و ھیچی تر. ئەگینا زمانی کوردیش ھەر وەکوو ئەو زمانانەی دیکە دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە مەکۆ و ماڵی بوونی مرۆڤی کورد بەڵام بەو دروژمە بێ بنەمانە زۆر فێڵەبازانە دەیانھەوێت زمانی کوردی بخەنە پەڕاوێز و خۆیان ببنە شانشینی مێشک و زەینی کوردی. دوایین خاڵ بۆ ئەم نووسینە ئەوەیە دەی گەلۆ ئەگەر زمان ھیچ پیرۆزییەکی نییە، مرۆڤی کورد بۆ نەتوانێت بە زمانی خۆی ھەر ئەو شتەی بە عەرەبی کراوە بە باوەڕ بۆ عیبادات و سروتە ئایینییەکانی بە کاری بەرێت؟. ھیچ جیاوازیی و سەرتاری و ھەڤیازیەک نییە لە نێوان ئەوەی بڵێن: بە ناوێ خوای بەخشەندە و دڵۆڤان، لەگەڵ ئەوەی بڵێیت بسم اللە الرحمن الرحیم یان بڵێی In the name of God, the Forgiving, the Merciful و ھیچیان پیرۆزایەتییان نییە، دەی کەوایە بۆ ماڵی بوونی خۆمان ئاوەدان نەکەینەوە؟.

حیسام(هیوا) خاکپوور



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟤پەروەردە لە سەر بنەمای نەتەوەیی بوون؟

🟩ڕۆڵی دیاریکردنی مانای وشەکان

بەختیار عەلی


هەر کاتێک لە سەر ماناکان وەستاین واتە  خۆمان بە مانایەکەوە گرێداوە،ستراتیژێکی کۆنکرێتمان هەڵبژاردووە.دیاریکردن بەرەنجامی تایبەتی هەیە و دیارینەکردنیش هەر بەرەنجامی تایبەتی هەیە،دیاریکردن واتە بچوک کردنەوەی ڕووبەرەکانی یاریکردن،بەڵام دیاری نەکردن مانای گەورەکردنی ڕووبەری گەمەکان،گونجاندنی مانای وشەکان لەگەڵ سیاسەتەکاندا،کاتێک ئازادی مانایەکی دیارینەکراو و تەمومژاوی هەبوو مانای دەکرێت لەگەڵ دوژمنێکدا یەکبگرین و ناوی ئازادی لێبنێین،دۆستەکانمان سەربڕین و بڕاکانمان بفرۆشێن و ناوی سیاسەتی لێبنێین،بچینە ناو بازنەیەکی بۆشەوە و دووبارە بوونەوە و سووڕانەوەی بەتاڵ بەرەو پێشچوون و دەسکەوتنی مەزن بشوبهێنین،دەکرێت شکەستەکانمان وەک سەرکەوتن وێناکەین،سەرکردە دۆڕاوەکانمان وەک قارەمانی نەمر.هەموو ئەم فەرهەنگەش کە دەرگای کولتوری درۆکردنی لە سیاسەتی کوردیدا خستۆتە سەرپشت بەرەنجامی دیارینەکردنی ماناکانەوە،هەر کاتێکیش ماناکان دیاریکران ئەو کات خۆبەستنەوە بە جەوهەریانەوە ئەرکێکی سیاسییە،بەڵام تا زمان و مەعریفەت لاواز بێت،تا ماناکان جەوهەریان نەبێت،تا وشەکان دەلالەتی ڕاستەقینە و قووڵیان نەبێت،سیاسەت ئاسانترە،مانۆڕکردن ئاسانترە،خۆ دزینەوە لە ئەرکە ڕاستەقینەکانیش سووک و ساناترە.



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵ئەوەی مارکس سەبارەت بە ئایین وتوویەتی ڕێک دەقی قسەکە چییە؟! و لەسەر چ بنەمایەکە،ھەندێ کەس باوەڕیان وایە ئایین شمشێرێکی دوولێواری دووسەربڕە ھەم دەتوانێت وەکوو ئەفیوون و تەریاک، خەڵک نابوود بکات ھەم دەتوانێت بێتە دەنگ و فەریادی ستەملێکراوان و بەشمەینەتان:
🔹مارکس لە کتێبی  «ڕەخنەی فلسفەی حەقی هێگڵ»دا دەڵێت:
«Religious suffering is, at one and the same time, the expression of real suffering and a protest against real suffering. Religion is the sigh of the oppressed creature,the heart of a heartless world, and the soul of soulless conditions. It is the opium of the people»( Introduction,p:1)
« ڕەنجی ئایینی ھاوکات دەربڕینی ڕەنجی واقیعی و بەرتەکدانەوەی ڕەنجی واقیعییە،  ئایین ئاھی مەخلووقی ستەملێکراو، قەلبی( ھەستی) جیھانی بێ قەلب( بێ ھەست) و ڕۆحی ھەلوومەرجی بێ ڕۆحە. ئایین ئەفیوون و تەریاکی ئاپۆرەی خەڵکە» « رنج مذهبي همزمان بيان رنج واقعي و اعتراض به رنج واقعي است، دين آه مخلوق مظلوم، قلب( احساس) جهان بي قلب ( بي احساس) و روح شرايط بي روح است.دين افيون و ترياک مردمان است».

مێژووی ئایینیش چ پێش لە مارکس چ لە دوای مارکس ئەم شمشێری دوولێواربوونی دینەی سەلماندووە، زۆر جار ئایین تێکدەر و نابوودکەر بووە و جاری وایش بووە توانییەتی لە گۆڕانی دۆخی باودا ڕۆڵی باش بگێڕێت.ئێتر ماوەتەوە ئێمەو شێوەی ڕاڤەی ئێمە بۆ ئەو دیاردەیە کە چۆن بتوانێت لێوارە بە کەڵکەکەی بە ھی خۆ بکەین...خەباتی مەعنەوەی ھەندێک لە شۆڕشگێرانی کوردیش کە ئایین باوەڕ بوونە لە مێژووی کوردستاندا ئەم ڕاستییە چەسپاندووە و ھەر وەھا لایەنی ئەفیوونی ئایینیش بە ڕوونی بۆ خەڵک دەرکەوتووە. دەکرێت زیاتر لەسەر ئەم باسە لێکۆڵینەوە و شیکاری بکرێت...

حیسام(هیوا)خاکپوور

👇👇👇👇👇👇

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟩 هیچکەسێ لە پڕێ نەبووە بە کوڕێ.

لە ناخی هەر کوردێکی دڵسۆز حەسرەتێک هەیە بۆ گەورەکانی ڕابردوومان، کە بۆچی ئەو ئەستێرە گەشانەی ئاسمانی نیشتمان، ئێستە بێ میراتگر و جێگەدارن؟

گەرچی دڵنیام کوردستان هەر ئێستاش گەورە پیاو و شێرە ژنی لێیە و ئەو ئاسمانە بێ ئەستێرە نیە، بەڵام بە داخەوە کەلێنەکانیش زۆر بەرچاون.
لێرە دا ئاماژە بە چەندین هۆکار دەکەین کە ئەو کەلێنانەیان بەدی هێنا:

ئێمە کاتێ سەیری ژیان و ئاسەواری کەڵە پیاوێک وەکوو مامۆستا هەژار دەکەین، بۆمان دەردەکەوێ، ئەو پیاوە زۆر بەسەر زمان و ئەدەبی کوردیدا زاڵ بووە. زۆر شارەزای ئەدەبی عەرەب بووە، هەر لە "امرالقیس"  بگرە هەتا "جبران خلیل". گەلێک ئاشنای ئەدەبی هەزار ساڵەی فارسی بووە، لە خەیامەوە هەتا خانلەری. شاکارە ئەدەبیەکانی ماکسیم گورکی، شکسپیر، ویکتور هۆگۆ، مارک تواین، بالزاک و... بە وردی خوێندۆتەوە. واتە  شارەزای ئەدەبیاتی پێش لە خۆی بووە، هەم کوردی و هەم بێگانە. کەچی ئەمڕۆ شاعێرمان هەیە لە ئەدەبی کلاسیکی کوردی بێخەبەرە.

نەمران ماملێ و زیرەک بە باشی ئاگاداری ئاسەواری هونەریی سەعید ئاغای جزیری، مەلا عوسمانی موسڵی، مەلا کەریمی سابڵاغی و.. بوون و ناسیاری موسیقای ئەرمەنی و ئازەری و فارسی و عەرەبیش. کەچی هونەرمەندی ئەمڕۆکەمان هونەری کوردی پێش خۆشیان باش ناناسن، چ بگاتە هونەری بێگانە.

مامۆستا قانع بە مەلایی و وردەواڵە فرۆشی و ئاشەوانی و ... بە شار و دێی کوردستاندا گەڕاوە و خۆی تێکەڵ بە ژان و ژیانی ئەو خەڵکە کردووە، هەتا خۆی بووە بە زمانحاڵی چەوساوەکان، بۆیە شێعری وە بەر دڵان کەوتوە و لە بەریان کردوە. ئێستا ڕووناکبیرمان خۆی لە خەڵک جیاواز دەزانێ. عارف جزیری پاش هەڵاتن لە دوو حوکمی ئیعدام، بە ناوی سونەتکار (دەلاک)ەوە دێ بەدێی باشوور گەڕاوە بە دووی گۆرانی و مەقاماتی کوردیدا. ئێستا گەڕان و لێکۆڵینەوە و پشکنین بەو مانا، مانای نەماوە. ڕووناکبیرمان چاوەڕوانی بیر و بەرهەمی حازر و ئامادەیە (هەر وەکۆ خواردەمەنیە فەست فوودەکان) کە لە لایەن بێگانە بۆمان دێت، واتە سەرچاوەی بیرمان کوردی نیە.

پێشتر گەورەکان بە شانازیەوە دەیانگوت شاگردیی چەندین زانای لێهاتووی ئەو بوارەیان کردوە. واتە لە پێشدا ئەرکی بچووکیان بە جێهێناوە و چۆکیان داداوە بۆ فێربوون، تا بە گەورەیی گەیشتوون. ئێستا هەمانە فێربوون لە خزمەت زانایان، بە پێویست نازانن!
گەورەکانی ڕابردوو لە ئاست بابەتە نیشتمانیەکان ، بە گیان و دڵ بۆی دەژیان، کەچی ئێستا، دەیانەوێ پێی بژین.

لە ڕابردوو دا سیستمی پەروەردە بۆ مەعریفە و زانست بوو ئێستا  بۆ دامەزرانە لە دایرەکان و بۆ نانە و پارە. مەلا هەیە کوردایەتی ناکات بەڵام زۆر لە ئێمە باشتر لە شعری نالی و مەولەوی تێدەگات، چونکوو پەروەردەی فێرگەکانی خۆماڵیە.

ناودارانی کورد هەر کامە چەندین زمانی بێگانەیان دەزانی، ئێستا ئەمانەی ئەمڕۆ لە گەڵ زاراوە کۆردیکان کێشەیان هەێە.

پێشتر  لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسی لێهاتوو دەر دەکەوت. بەڵام ئەمڕۆ سیستمی جیهانی لە ڕێگای تکنولۆژیاوە دەستی گرتووە بە سەر بیری خەڵکا و بە مێدیا کونترۆڵیان دەکات.

لە ڕابردوودا ئەوەندە حیزبایەتی و چینایەتی نەبوو، ناودارانیش خۆیان بە بەشێک لەو خەڵکە دەزانی. کەچی ناوداری ئێستا تەنیا لە بەر دەستەو تاقمێک لە باقی خەڵک دوور دەبێتەوە.

ڕوانگە و پێوەری خەڵکیش زۆر تێکچووە، شاعێر هەیە بە ناچاری هۆنراوەکەی دەدا بە ئافرەتێک بۆی بکات بە دیکلەمە بەڵکوو خەڵک لێی وەرگرێ. گۆرانیبێژمان هەیە بە ڕەنگی کچە ئەکتەرەکانی زۆرتر گرنگی دەدات تا بەدەنگ و مووسیقاکەی. هەمانە هەرکە هاوسەرگیری کرد ئیتر دەس لە هەموو ئەرکێکی  نیشتمانی دەشۆرێ. مامۆستا پیرەمێرد کە پێشکەوتنی گەلانی تری دیبوو، ژن و منداڵ و پێگەی باڵای حکومەتی لە ئەستەمبوڵ بە جێ هێشت لە پێناوی خزمەت کردن بە زمان و فەرهەنگەکەی.

بەڕێزان؛ نابێ حەسرەتی ڕابردوو، دەرفەتی بیرکردنەوە لە داهاتوومان لێ بستێنێ. پێویستیە کورد پەرە بداتە کەلتووری بلیمەت پەروەری. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ چەندین ئەرکمان لە سەرە: ۱- ئەبێ جەخت بکەینە سەر، ریز گرتن لە گەورەکانمان هەتاکە زیندوون. دەنا دوایی هەر بۆیان بنوسین  "نەمر" بە کار نایێ. جار بووە خۆمان لە بێگانە بێڕەحمانەتر گەورەکانمان تەزاندوە ۲- یارمەتیدەر و دەستگیری بەرەی بەهرەداری تازە کارمان بین(زۆر لاوی خاوەن بەهرەیان دڵسارد کردەوە نەوەک لە خۆیان بەرزتر دیار بێت ). ۳-بارودۆخی ئەمڕۆ بناسین و بە قازانجی گەلەکەمان کەڵکی لێ وەرگرێن، بۆ وێنە دەبینین دنیای دیجیتاڵ جێی کتێبی گرتۆتەوە، دەبێ نەک بۆ سەرگەرمی و ڕابواردن بەڵکوو وەکوو کتێبخانەیێکی دەوڵەمەند چاوی لێ بکەین.

عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۳/۳۰



👇👇👇👇👇👇

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
شێرکۆ وتی:
کورد و خوا لەیەک ئەچن
هەردوو بێ شەریک، بێ کەسن
نەیدەزانی
خوا لە بێ کەسی خودموختارە
ئەوە کوردە
خۆی نەبێ،
هانای هەر نییە
تەواوی بێ کەسوکارە...


جەمیل_محەممەدی


http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵 مرۆڤی کورد و بەرەی داهاتوو.

فیلمی ژیانی من(My life) بەسەرهاتی لاوێکی ئەمریکییە کە دەسکورتی بنەماڵەکەی بۆی دەبێتە شوورەیی، بۆیە زێد و مەڵبەندی خۆی بەرەو گەورە شاران بە جێ دێڵێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ. تەنیا ئاواتیشی دەوڵەمەند بوونە.پاش ساڵانێک، ئێستا باری ژیانی گۆڕاوە. هاوسەرگیری کردوە و خێزانی دووگیانە. بەڵام درەنگ دەزانێ کە خۆی تووشیی شێرپەنجە بووە. بە وتەی دکتوران چەند مانگێ زیاتری نەماوە بە ڕووی دنیاوە. دەزانێ چاوی بەو منداڵەی ناکەوێ. کەچی لە دەروونەوە خۆی بە بەرپرس دەبینێ. بویە بڕیاردەدات وەکوو باوکێک ئەوەی زانیاری پێویستە بە پێی تەمەن،بە شێوازی ڤیدیۆ بۆی تۆمار بکات تا دواتر ئەو منداڵە خۆی چاوی لێ بکات. بەڵام قەیران لێرەوە دەس پێدەکا کە پێش بە هەموو کارێ، ئەبێ خۆی بەو منداڵە بناسێنێ. خۆی کێیە؟؟؟ مرۆڤێکی پڕ لە شەرمە لە ئەسڵی خۆی، نامۆ لە کۆمەڵگا، بێخەبەر لە ئەرکی ئینسان و مانای ژیان و...

تەنانەت ناوەکەشی هی خۆی نیە. تازە زانیویە جگە لە پارە زۆر شتی تریش هەن کە گرنگن. ئەو پردی پێوەندی نێوان خۆی و ڕابردووی بە دەستی خۆی ڕووخاندوە. تێدەگات پشتکردن لە پێناسەکان، نەبۆتە هۆی چارەسەری دەردەکانی، بەڵکوو ئەوە هەر خودی دەردەکەیە... بۆیە لە گەڵ خێزانی دەگەڕێتەوە زێدی خۆی، بۆ سەردانی بنەماڵەی. ئەم گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە، زۆر شتی بۆ روون دەکاتەوە. تێدەگات ئەوەی کە ئەم لێی هەڵاتووە مانای ژیانە. باوکی ئەگەرچی نەدار بووە بەڵام ڕەنجدەر بووە. ئەگەرچی ماڵیان بچووک بووە بەڵام دایکی دڵاوا بووە... ئەرکی مرۆڤ تێکەڵ بوونە بە هەموو تاڵی و خۆشییەکانی کۆمەڵگا. سڕینەوەی ترس و قینە لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی، ناساندنی بەرەی پێشووە بە بەرەی نوێ، هیوایە بە دواڕۆژ و..و..و.. لە مانای ژیان تێگەیشت ئەگەرچی درەنگ.

ئێستا چیرۆکی ئەو کابرای ئەمریکییە لە گەڵ باری ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردیدا بەراوەرد بکەین: کوردی ئەم سەردەمە بە بیانووی جۆراوجۆر، لە شوناسی خۆی (زمان، خاک، مێژوو،هونەر و دیکەی پێناسەکانی) هەڵدێت. بە سەدان بلیمەتی گەلانی فارس و تورک و عەرب، بە ڕەچەڵەک کوردن کەچی پیان عارە هەر باسیشی بکەن. لە پاش مردنیان تازە دەزانین لە دایک بووی کوردستانن. دەڵێن زمان یەکم شوناسی هەر گەلێکە،دەی ئاخاوتنی ئێستای ئێمە لە سەدا چەندی کوردییە؟کاتێ  ئەو هەموو پارە خەرج دەکەین تا بەڵکوو منداڵمان فێری زمانی ئینگلیزی بێت، بەڵام پێمان وایە کات بە فێڕوودانە ئەگەر کەسێک بە خۆڕاییش فێری کوردی نووسینیان بکات، ئیتر قسەیێکمان ماوە بۆ بەرەی داهاتوو؟

نە چیرۆکی ڕەسەنی پێشوومان دەناسین نە ئەدەبی بەهێزی منداڵمان هەیە، ناودارانی خۆمان ناناسین و هەر کامە موریدی ناودارێکی بێگانەین، دەی چۆن ببین بە پردی نێوان دوو بەرە؟ ئەوەندە بیری پارەپەرەستی پەرەی سەندووە، هەرشتێک کە نەتوانین بیکەین بە پارە، لامان بێبایەخە. زمانی کوردی چۆن نانی لێ پەیدا نابێ، بۆیە وادەزانین بێکەڵکە (نەمر کامران عالی بەدرخان فەرمووی: کورد تا زمانەکەی لە نانی شەوی بۆی گرنگتر نەبێ هەر ئەمە حاڵ و ڕۆژیە).
ئەڵبەت جیاوازیشمان لە گەڵ کابرای نێو فیلمەکە زۆرە:برینی ئەو تاکەکەسیە بەڵام  برینی ئێمە گشتییە. ئەو لە گۆڕیشدا دڵنیایە کە منداڵەکەی بە زمانی خۆی پەروەردە دەبێ. هەموو کەلتوور و میراتی نەتەوەیی ئەو ئارشیڤ کراون، چی لە کەلتووری بوێت، لەبەردەستی دایە. مێدیا و زانستگەی بەهێزیان هەیە. کۆمەڵگاکەی دەرفەتی ناسینی هەموو گەورەکانی خۆی بۆی پێک دێنێ. بەلام منداڵی کورد چی؟ لە مێشکیدا  ڕابین هوود و زورۆ... دانشتوون. جێگا بۆ عەتاکەل و خولەپێزە و مامە ڕیشە نەماوە. بەکام کتێبخانە و بەکام سینەمای بەهێز؟(تازە هێندێ کەس هەر ئاوڕ لە کتێب و فیلمی کوردی نادەنەوە، نەوەک کوردبوونیان وە بیر بێنێتەوە). کورد سەد ئەوەندەی مێژووی ڕوون، میژووی شاراوەی هەیە.ئەوان زلهێزی عاڵەمن، کەچی  مێژووی چوارسەد ساڵەی خۆیان بە پێویست دەزانن بۆ مانەوە و گەشەکردنی بەرەی دواڕۆژیان، ئێمە بە ناو هەزاران ساڵ مێژوودا وەیلانین.

لە هەر خێڵ و بنەماڵەیێک و لە هەر قوتابخانەیێک چەندین ژن و پیاوی دڵسۆز هەن کە خۆبەخشانە، هەوڵدەدەن بۆ گواستنەوەی شوناسی کوردی بە بەرەی داهاتوو، بەڵام ئەو بارە قورسە تەنیا بەو چەن کەسە جێبەجێ نابێت.

بۆ چارەی ئەم دەرد،  ئەبێ ئەوەی کە لە دایک وباوکان سەبارەت بە زمان و کەلتوور و هونەر بۆمان ماوەتەوە، ئێمەش بە باشترین مێتود فێری منداڵانمانی بکەین. هەوڵێکی گشتی بۆ ئەوەی کوردی، کوردی نەزانی، شەرمن لە کورد بوون، لە خەو هەستێنین. بە داخەوە زۆریان فەوتان، کەم کەسیان وەکوو نەمر "ئەحمەد کایا" پاش ئەو هەموو دوور کەوتنە، گەڕابێتەوە سەر بنەڕەتی خۆی.
تێبینی:

عیسا ئەحمەدی.۱۴۰۲/۰۴/۱۳

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵 تێگەیشتن لە مانای نیشتمان.

نووسەری پایەبەرزی وڵاتی ڕووسیا؛ ئانتوان چێخۆف، لە شاکارە مەزنەکەی "باخی بڵاڵووک"دا ئاوەهای دەگێڕێتەوە:
باخێک کە لە شوێن چەندین بەرەوە بە میرات ماوە، ئێستا میراتگرانی لە بارمتەی بانکیان داناوە. پارەکەشیان خواردوە و هیچی لێ بەجێ نەماوە. بۆیە بانک ماوەیێکی دیاری کردووە بۆ گەڕانەوەی پارەکە، یان هەراج کردنی باخەکە. ئەو شانۆنامە باسی وتووێژی  نێوان میراتگران دەکات لەو ماوەیەدا.
خوشکیان ڕۆڵی کەسێکی ئیماندار دەگێڕێ و بەردەوام دەڵێ: ئەوە ئاکامی سووچ وگوناحمانە، بۆیە خودا ئەو ڕۆژڕەشیەی لە چارەمان نووسیوە. بەرانبەر بە ویستی خودا هیچ دەسەڵاتێکمان نیە. بەڵام لە ڕاستیدا نایەوێ خۆی تووشی سەرئێشە بکات و بەش بە حاڵی خۆی بەرپرسایەتی ئەو باروودۆخە کە بەرهەمیان هێناوە بگرێتە ئەستۆ. براکەشیان دەڵێ: ناوی ئەو باخەمان لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە. سەردەمی زوو ئەم باخە مەکۆی گەورەپیاوان بووە. ئەو دەم چەندین کرێکار بەرهەمی جۆراوجۆڕیان لێ بەدەست هێناوە و داهاتی زۆر بووە. بەڵام کاتێ لێی دەپرسن شێوازی ساز کردنی ئەو بەرهەمانە چۆن بووە؟ هیچی لێ نازانێ، چوونکا خۆی قد لە ژیانیدا کاری نەکردووە. ڕووناکبیریشیان هەیە، بە جوانی باسی داهاتووی ڕوون دەکات، هیوای بە دواڕۆژێکی باشترە کە هەموو شتەکان لە سەر حەز و مەیلی ئەوان دەبن. بەڵام لە سەر کێشەی ئەوڕۆیان بێدەنگە و نقی لێوە نایەت.

هەر لە ڕۆژی ئەوەڵ، لاوێک کە باوک و باپیری کرێکاری ئەو باخە بوون، دەچێتە لایان. بڕێ خوێندەواری هەیە. هەر لە منداڵییەوە ملی لە کاسبی ناوە. بە هۆی تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگا دنیای دەورووبەری باش دەناسێ. ئێستا ئەو بەرانبەر بەو باخە دڵسۆزە و زۆر شتیان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەو پیان دەڵێ: دنیا گۆڕاوە، ئەم باخەی ئێوە لە نزیکی شارە، جادە و هێڵی شەمەندەفەر بەلایدا تێدەپەڕێ. دیمەنی ڕوو لە ڕووبارە. باشترین شوێنە بۆ گەشتیاری. ئەگەر بیکەن بە سەیرانگا، زۆر ماڵە دەوڵەمەندی شاری دێن و بەرهەمی باخەکەش هەر لێرە پیان دەفرۆشن. هەم کێشەکان چارەسەر دەبن و هەم کاریشتان بۆ دابین دەبێ. چەن جار سەر لە بەر، هەنگاو بە هەنگاو، ڕێگایان پیشان دەدات. دەڵێ: ئەگەر باخەکەتان بپارێزن، ڕابردوو و داهاتووشتان پارێزراوە. کەچی تەنیا کاری ئەوان بە ڕۆژ خەوە و بە شەو قسەی زل. هەر چاوەڕوانی پووریانن کە لە هەندەران دەژی، بەڵکوو پارەیان بۆ بنێرێت و رزگاریان بکات.

ئەو ڕۆژەی کە بانک باخەکەیان دەخاتە مەزاد، کوڕە باخەوانەکەش دەچێتە ڕیزی کڕیاران و بە بانترین نرخ دەیکڕێ و پێیان دەڵێ: ئەوەی کە ئێوە نەتانکرد من بۆ خۆم دەیکەم. ئێمانم بە ڕەنج و کار هەیە، ئەو خاکەو ڕەنجی ڕابردووانی لە لام پیرۆزە. ئەگەر ئێوە تەنیا باسی خۆشی ڕابردوو ئەکەن و وەکوو تابڵۆی جوان بۆی دەڕوانن، من بە زستانان بە پێخواسی پێیدا گەڕاوم. داهاتووی ڕوون لە سایەی تێکۆشانی ئەمڕۆدایە، دەنا کەس بە خەیاڵ نەبووە بە ماڵ.

نیشتمان لە نووسراوەکانی چێخۆفدا باخێکی زۆر جوانە، کە پاراستنی ئەرکی هەموو میراتگرانیەتی. بەڵام ئەوانەی کە زۆربەی داهاتی ئەو باخەیان بەردەکەوێ و دەبێ زۆرتر بیپارێزن، بەداخەوە خۆیان تووشی زەحمەت ناکەن و بە هاسانی بە جێی دێڵن. چێخۆف ڕەخنە لەو ئیماندارەی دەگرێ کە نیشتمانی بۆ گرنگ نیە و خۆی بە بەرپرس نازانێ. دەڵێ: ئاخری ئیمان و نیشتیمانیشت، هەردووی دەدۆڕێنی( سەرەنجام خوشکیان لە گەڵ کابرایێکی بێ ئەخلاق دەچێ بۆ پاریس). دەڵێ: جەنابی ڕووناکبیر، تۆ چۆن داهاتووی ڕوونی ئێمە دەبینی، بەڵام قوڕبەسەریی ئەمڕۆکەمان نابینی و خۆتی لێ گێل دەکەی؟ ڕووناکبیر مۆمێکە بۆ ڕووناکی، چۆن بوویی بە هاوسفرەی مفتەخۆران؟ ئەوانەی کە هەر حەسرەتی ڕابردوویانە و هەنووکە بۆیان گرنگ نیە؟ ئەگەر باش لێیان ورد ببنەوە تێدەگەن کە ڕابردووش باش ناناسن. ئەگەر ئەو نیشتمانە بە میراتی باوک و دایکت دەزانی، بۆ نایپارێزی بۆ بەرەی دوایی؟

سەرەڕای هەموو ئەو دەردانە، چێخۆف هەر گەشبینە. ئەو دەڵێ: ئەو باخە قارەمانی خۆی لە نێو دڵی خۆیدا بەرهەم دەهێنێ. کوڕی باخەوانی ڕابردوو، کوڕی هەر ئەوانەی کە باخ بە تێکۆشانی ئەوان ئاوەدان بووە. چێخۆف دەزانێ، ئەرکی باخەوان بڕینی دارە پیرەکان و ناشتنی نەمامی تازەیە، دەبێ بیری بێ سەمەر ببڕین و بیری تازە بەرهەم بێنین تا نیشتمان لە گەشەدا بێ. لە لای چێخۆف بیری نیشتمانپەروەری زۆر بەرزترە لە هەستێکی عەوامانە. واتە: ناسینی قووڵی بنەماکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئەدەبی و هونەری. هاوکات کار و ڕەنج و بەرپرسایەتی لە پێناوی ئاوەدانی و پێشکەوتن؛ ئەوکات دەتوانین هیوامان بە دواڕۆژ هەبێ.

#عیسا_ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۴/۲۷



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran