میزان - کـوردستان
1.69K subscribers
199 photos
163 videos
68 files
881 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🔲 بێگانە چۆن تێ بگا؟

سەردەمی ئاوارەیی و کرێکاریم،هاوڕێ لە گەڵ تاقمێک کە یەک لەوان لاوێکی عەرەبی ئەهوازی بوو،کارمان ئەکرد. ڕۆژێک خاونکارەکەمان کە ئەندازیارێکی تارانی بوو، لە عەرەبەکە سەبارەت بە بارودۆخی ئەهواز، پرسیاری کرد،
کرێکارەکە وتی: قوربان تەنیا عەرەبێکی ئەهوازی ئەزانێت عەرەبێکی ئەهوازی چی ئەکێشێ! من ئەو زمانە کە ئێوە تێبگەیەنێ نایزانم.
_تۆ بە فارسی بفەرموو من تێئەگەم.

_بەڕێز چۆن تێئەگەی؟ کاتێ منداڵی من پاش شەش ساڵ لایەلایەی عەرەبی، ڕۆژی یەکەمی قوتابخانە ئەبێ زمانەکەی خۆی لەبەر دەرکە فڕێ بدا؟ چۆن تێئەگەی، بە هەزاران دوکتور وموهەندیسی شارەکەم هیچیان نازانن بە عەرەبی بنووسن و بخوێنن؟چۆن تێئەگەی، ڕووناکبیری من کە ئەبێ پارێزەری کەلتوور و فەرهەنگی وڵاتەکەم بێ، ئەوەندە وێنەی شاعیر و نووسەر و ژەنیار و گۆرانیبێژی فارسی بە دار و دیواری ماڵەکەیا هەڵواسیوە، جێگە بۆ گەورەکانی خۆمان نەماوە؟ چۆن تێئەگەی...چۆن...؟
خاونکار پاش چەن بەڵێ بەڵێ کردن، پێچی کردەوە و ڕۆیی. بۆ ئێوارە بە عەڕەبەکەم گوت: ئەوانەی تۆ باست کرد من لە هەمووی تێگەیشتم و هیچ پێویست بە زمانی تایبەتیش نەبوو.

لە وەڵاما وتی: من و تۆ خاوەنی ئێش و زامی هاوبەشین. بۆیە دڵنیام تۆ، و تەنیا تۆ لێم تێگەیشتی.

لەم ساڵانا زۆر جار دیومە کوردێک کاتێک بۆ بێگانەیەک باسی مافی پێشێل کراوی گەلەکەی ئەکا، یان بە تووڕەیی قسە دەکا یان ئەیکا بە کڕووزانەوە و سواڵ بۆ مافەکانی.

لێرەدا من مەبەستم لە شێوازی ڕوانینی بێگانە نیە کە لە سەرەوە بەرەو خوارە، نەک هاوتەراز لە گەڵ ئێمە مانان.

مەبەستم هێز و توانایی خۆمانە بۆ باس کردنی کێشەکانی کورد بە زمانێک کە دونیا لێمان تێبگات، هاوکات دوور لە توند و تێژی. هاوڕێ لە گەڵ پاراستنی کەرامەتی ئینسانیمان. بۆ وێنە لە ڕێگای ڕۆمان، شانۆ، موسیقا، نیگارکێشان، کلیپ و....

ئێمە هەمومان ڕۆمانی"بینەوایان"ی بلیمەتی مەزن "ویکتۆر هۆگۆ" مان خوێندوەتەوە(یان بە سینەما و ئەنیمەیشن دیومانە). ئەو پیاوه تەواوی گرفت و کێشەکانی ئەوسەردەمەی وڵاتی فەڕانسەی بە زمانێکی سادە و ساکار کە تەنانەت منداڵەکانیش لێی حاڵی ئەبن، هێناوەتە سەرکاغەز. چی ماوە نەیوتبێ؟باسی منداڵانی کار، ناحەقی یاسا، ناحەقی کۆمەڵگا دژ بە ژن، ئەشرافیەتی و جیاوازی چینایەتی دژ بە هەژاران، سیاسەت وشۆڕش، ئایین و مەزهەب،....هتد. هەموو کێشەکانی وردبینانە خستووەتە بەرچاو. شکسپێر چیرۆکە کۆنەکانی بریتانیای کردبووە شانۆ. دنیای هێنایە ڕکێفی پێنووسی سێحراوی خۆی. هەموو ناسیاری چیرۆک و دابونەریتی ئەوان بوون. ئێمە ئەو هەموو چیرۆکە مەزنەمان هەیە و هەر بەو دەقەی چەن سەد ساڵە ماوەتەوە.(مامۆستا هەژار بە جوانی ئەیسەلمێنێ مەم و زینی خانی لە ڕۆمێئو ژولێتی شکسپێر بە هێزترە). "ئارتور کاڵندۆی"بە نووسینی چەن چیرۆک خەڵکی بریتانیای بە ناو گەڵێکی زیرەک و زانا بە عاڵەم ناساند. موسیقا و باقی هونەرەکانیش هەر بەو چەشنە. ئێمە ئەبێ خۆمان بناسین، دەس لە خۆ بەکەمزانین هەڵبگرین.

کورد تایبەتمەندییەکانی خۆی هەیە. هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانیشی ئەوێ تا خۆمان بە جوانی بە عالەم بناسێنین. هیچ گەلێک سەرکەوتنی بە خۆڕایی نەبووە. کارل مارکس کە ئێمە بە پێغەمبەری کافرانی ئەزانین، بۆ نووسینی کتێبی "سەرمایە"هەژدە ساڵ ژیانی خۆی لە سەردانا. سێ منداڵی لە بەر برسییەتی و نەخۆشی مردن، کەچی ئەو دەسبەرداری کتێبخانەی موزەی لەندەن نەئەبوو.

کورد زۆر کاری نەکراوی ماوە تا خۆی وەکوو گەلێکی خاونی ڕیشە و مێژووی کۆن، داخوازییەکانی بە جیهان ڕابگەیێنێ. ئێمە ئەبێ ئاستی ڕوانینمان بەرز بێ. هیچ فەیلەسوفێک ،هیچ گەورە پیاوێک،هیچ ڕێبەرێک بیمەی نەبووە. ئەبێ ماندووی نەناس و بوێر بین.

بە هیوای ئەو ڕۆژە کورد خۆی بناسێ و خۆی بە جیهانیش بناسێنێ.

#سنە_عیسا_ئەحمەدی
۱۴۰۱/۰۹/۲۳


👇👇👇👇👇


T.me/Mizankurdi


🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔴 ئەوانەش کە ناتوانن دۆلار بکڕن، هەر ئینسانن.

لە سەردەمی شەڕی دوهەمی جیهانیدا، بازرگانێکی ئاڵمانی بە ناوی "ئۆسکار شیندلێر" بە بیانوی ئەوەی کە کرێکاری بەلاش و خۆڕایی ئەوێ، بە بەرتیل دان بە گەورەکانی ئەرتەشی نازی، هەزار و دووسەد جوولەکەی لە ئۆردوگای "ئاشویتس" هێنا دەرێ. ئەو لە کارخانەکەی خۆیا هەموویانی ژیاند. تا دوا قەرانی خۆی بەخت کرد بۆ پاراستنی ژیانی ئەوان. ئۆسکار تا کۆتایی شەڕ و لەناو چوونی دیکتاتۆریی هیتلێر  بە تەواوی بەرشکست بوو. بەڵام ئەیوت من ئەمدیت ناتوانم بەر بە ئەم شەڕە بگرم بەڵام بە تەواوی ماڵ و سامانمەوە توانیم گیانی هەزار و دوسەد مرۆڤی تر لە ئاگری کوورەخانەکانی سووتاندنی جوولەکەکان بپارێزم. ئەو پیاوە ئاڵمانی و مەسیحی بوو بەڵام بوو بە پارێزەری گیانی جوولەکەی لەهستانی.

خۆ ئێمە بە خێر هەمومان هاو زمانین، هاوچارەنوسین، هاو ئێش و زامین، کەچی لەم ڕۆژانەدا لە سەر شەقامان کێ بەرکێیە. کێ بەرکێی کڕینی زێڕ و دۆلار و ماشین و.... هتد.

دیارە کۆمەڵگای ئێمە نەخۆشە کە کەسێک بە ناچاری  پارەی خۆی خەرجی کڕینی شتانێک ئەکا کە هیچ شارەزایی لێی نیە. نەخۆشەکە دووکانداری ئێمەیە کە قازانجی نەفرۆشتنی زۆرترە تا فروشتنی!

نەخۆشەیەکە  ئەوەیە کە لە سەر دووڕێیانێک ماوینەوە: یان هەوڵدانی شێتانەمانە بۆ دەوڵەمەندی بە چاو پۆشان لە هەموو شتی تر، یان تووشی نەداری هاتن و لە ناوچوونی سەرمایە.
چینی مامناوەندیمان ڕوو لە فەوتانە. بەڵام نەخۆشیەکە کاری کردووەتە سەر شوێنانی تری کۆمەڵگا. لە سەر کەلتوور و بیر و باوەڕمان. کابرا هەزار تمەن یارمەتیی خزم و کەس وکار و دراوسێی نەداری نادات.  کە لەم کاتی گرانیەدا  دەسکورتان، لە هەموو کاتێک دەسکورتتر  ئەبن و ئەم بارودۆخە لە سەدا سەدی بە زیانی ئەوانە.

کەچی ئەم تەنیا بیر لە قازانجی تاکەکەسیی خۆی ئەکاتەوە. تەنانەت کابرا کرێکارێکی هەیە بۆی گرینگ نیە چۆن ئەژی، کەچی هەمو ڕۆژێ لە پێش چاویە! چۆن ئەبێ لەم شارەدا بە ملیۆن دۆلار ،دراو بکڕن، کەچی لەم زستانەدا لە قوتابخانەکانی قەراخی شار منداڵان بە سۆلان(دمپایی)دەچنە قوتابخانە(ئەمە وێنەیێکی بچووکە لە ژیانی هەژاران). کۆمەڵگای ئێمە هەرکەس هەوڵی خۆیە و چاکە کردن کەم ڕەنگە.

بیری گشتی(قەدیم پیان ئەوت هاوماڵی) فەوتاوە. چۆن ئەبێ کەسێک هەوڵی ئەوە بدا کە تەنیا خۆی لە برسان نەمرێ و باقی بە من چی؟. هەر بیرەکەشی پیاو شێت ئەکا. دەستەیەکی خوێندەواریش نەزانانە وتەی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی دووپات ئەکەنەوە کە ئەڵێ: ئەگەر بە هەژاری و نەداری لە دایک بووی تاوانی تۆ نیە، بەڵام ئەگەر بە نەداری بمری تاوانی خۆتە. واتە بەم قسە بە ڕواڵەت جوانانە تاوانی تاڵان کردنی هەژارانی جیهانی بە هۆی گەندەڵی و شەڕ و لاگیری زاڵمان و سپی کردنەوەی پارە و دەیان پیلانی نامرۆڤانەی خۆیان، ئەخەنە ئەستۆی خودی هەژارەکان. (ئەم شێوازە قسە کردنەش کە فێری خوێندەوارانمان ئەکەن هەر بۆ قازانجی خۆیانە). لە کاتێکا لە ئابووریی نەخۆش، هەژاربوون جێی پرسیار نیە. بەڵام فرەدەوڵەمەندی جێی پرسیارە.

بە دڵنیاییەوە دەوڵەمەندی بەم شێوازە هەر شکست و دۆڕاندنە. دەبا لە پەنای هەوڵ و تێکۆشان بۆ خۆمان، تا ئەتوانین چاومان لە هەژارانیش بێ. ئەوانیش هەر بەقەدەر باقی خەڵک مرۆڤن و ڕەنگە زۆرتریش.

عیسا_ئەحمەدی ۹ی بەفرانباری ۱٤۰۱


👇👇👇👇👇


T.me/Mizankurdi


🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔴 دو لاپەڕە لە مێژوی کورد

"ئێرنێست ڕێنان" مێژوناسی گەورەی جیهان،وتویە: ئەگەر گەلێک مێژوی خۆی بناسێ،منداڵەکەشی وەکو پیر ، بیرئەکاتەوە. بەڵام ئەگەر نەتەوەیێک مێژوی خۆی نەزانێ،پیرەکەشی منداڵانە ئەڕوانێ.

هاتنی ئیسلامەتی لاپەڕەیێکی نوێی لە مێژوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدایەوە کە کاریگەری هەمە لایەنەی هەبو لە سەر تەواوی ناوچەکە،هەتا ئەو ڕادە کە گەلانێک جگە لە موسڵمان بوون،لەنێو عەرەب توانەوە(میسر پێش ئیسلام عەرەب نەبو،ئێستا ناوەندی ناسیونالیزمی عەرەبیە). بۆ ماوەی شەشسەد ساڵ ئیمپراتوری عەرەبی دەستەڵاتی بە سەر بەشێکی گەورەی ئاسیا و ئافریقا هەبو.لە بەرانبەریشدا بنەماڵەیێکی بەرز وەکو سامانیەکان لە "ماورالنهر" زۆر ژیرانە لە گەڵ بارودۆخەکە مامەڵەیان کرد.ئەوان قورئانیان وەرگیرا سەر زمانی فارسی، هەروەها کتێبە بە نرخەکانی عەرەبی وەکو "تاریخ طبری". شاعیران ونوسەرانی وەکو "رودکی" و"بلعمی" و "دقیقی"و... لە دەوری خۆیان کۆ کردەوە.ڕێزیان ئەگرت لە هونەرمەندانی هاوزمانیان.بناغەی دەستەڵاتیان لەسەر کەلتوری نەتەوەیی دانا و هەوڵی دەوڵەمەندی زمانی فارسیان دا، چرایێکیان داگیرساند کە هەرگێز نەکوژایەوە.کورد هیچکات ئەوەندە بۆ زمانی خۆی هەوڵی نەدا. ئەیوبیەکان ئەگەرچی خاون دەستەڵاتێکی پان وبەرین بون بەڵام میحوەری کەلتوریان، کوردی نەبو.تەنیا میرنشینە کوردیەکان وەکو میرنشینانی هەکاری و سۆران و بابان و بۆتان و ئەردەڵان و...هەرکامە لە پانتایێکی تەسک و بە شێوازی ناوچەیی خزمەتیان بەئەدەب و زمانی کوردی کرد،ئەگەرچی پێوەندی پتەویشیان پێکەوە نەبو.بۆ ماوەی زیاتر لەهەزار ساڵ کورد لە چاو فارس وتورک هۆشیاری نەتەوەیی کەم بوە،هەرچەندە کورد بەوەی سەربەرزە کە هیچکات دینی نەکردە دارە دەست بۆ تاڵان و لەناو بردنی وڵاتانی تر،وەکو سەفەویەکان وعوسمانیەکان و پێشتریش غەزنەویەکان و... 

لاپەرەی دوهم بە هاتنی مودرنیتە دەستی پێکرد.خەڵکان لە ئوروپا بە یارمەتی زانست و خەباتی زانایانی مەزن توانیان لە ژێر حوکمی کلیسا خۆیان ڕزگار کەن و ڕو لە پێشکەوتن بکەن لە هەمو بوارێکدا.کەچی لەو سەردەمەدا ڕۆژهەڵاتی دواکەوتو،نوقمی خورافات و گیرودەی گەندەڵی دەوڵەتان بو. ڕوناکبیرانی فارس و تورک بۆ ئەوەی لەوەی زیاتر لە جیهان بە جێ نەمێنن،ئەمجارە ئیسلامیان کرد بە تاوانباری دواکەوتنی خۆیان.به تایبەت دارو دەستەی ڕەزاشا لە ئێران و تاقمی ئاتاتورک لە تورکیە.بەڵام بە دەستی بەتاڵ.جا بەکام زانست و بەکام بیری پێشکەوتو؟هەر بۆیە هەردو لا ،ڕویان نا لە فاشیزم.ئاتاتورک بە قڕکردن و تاڵان و پاکتاوکردنی کورد و ئەرمەنی و یونانی.ڕەزاشایش، ئاڵمانی هیتلری(کە بە ئاشکرا کێشەی هەبو لە گەڵ یەکسانی مرۆڤەکان)کردی بە پێشەوای خۆی و هەر بە فیکی ئەوان باسی ئاریایی و ئێرانی کۆنی هێنایە کایە. کە گوایا ئەوان پێش ئیسلامەتی خاوەنی هەمو جۆرە شارستانیەتێک بون.ڕاست و درۆی زۆریان تێکەل کرد(یونانیەکان کاتێ باسی فەلسەفەو ڕیازی و هونەری کۆنی خۆیان ئەکەن،بەڵگەی هەمو شتێکیان بەدەستەوەیە).بەڵام ئەمان وەیسەتنامەی فڵان فەیلەسوفی ئوروپایی ئەکەن بە فەرمایشتی کورش.

کورد لە ئاوەها سات و کاتێک جگە لە هاواری چەن دڵسۆزێک باقی سەر لێ شێواو و پرژ و بڵاو بون و ئەمجارەش بە لاڕێدا چون.لە عوسمانی بەشێک لە کورد بون بە لایەنگری پاشماوەی خەلافەتی ئیسلامی لە ئەستەمبوڵ،بەشێکیش لایەنگری کوماری ئاتاتورک لە ئانکارا.ئاخری تورک خۆیان یەکلایی کردەوەو هەردو بەشی کوردیش بێ بەش کران.لە ئێرانیش کورد لەباتی ئەوەی یەکدەنگ دژ بە فاشیزمی پالەوی ڕاوستن هەر خێڵێک بە جیا هەوڵی خۆی بو.ڕەزاشاش بە دەم کوشتن و بڕێنی خەڵکی شارو دێی کوردەواری و تیرۆری گەورەکانی کورد،حوکمی کرد بە نوسینی مێژوی چەواشە بۆ کورد بە کڕێنی خاون قەڵەمی ناوخۆ وبێگانە. دڵسۆزانی کورد دەستیان کردبە پرسیار لە ڕەزاشاو لایەنگرانی گاڵتەی سەروەری ڕەگەزی ئاریایی:ئەرێ بۆ ئەم ئێرانی باستانە لە کورشەوە دەس پی ئەکا نەک دیاکۆ؟(ئەوان کاتێ ئەیانوت مێژوی ۲۵۰۰ساڵە،لە تیاچونی مادەکان وهاتنی هەخامەنشیەکانەوە دەستی پێئەکرد).یان بۆ ناوی شارودێهاتی کوردەواری ئەگۆڕن؟بۆ حاشا لە شارستانیەتی کوردی ئەکەن؟بۆ کاتێ ئەڵێن ئەدەبیاتی ئێران ناوی وەفایی و بیسارانی و ئەرکەوازی لێ نیە؟بۆ بە ڕەسەنایەتی ئێمە ئەڵێن مەحەلی؟بۆ کاتێ ئەڵێن موسیقای ئێرانی باسی لاوک و حەیران و هورە و سیاچەمانە ناهێنن؟ دیارە فاشیزم وڵامی تەنیا سەرکوت  کردن بوو حاشا لە بوونمان.

لەم دو لاپەرە ،کورد لە بەر ڕەنج بە خەسار نەبون، ئەبوایا دەستی لە دوبەرەکی و خۆخۆری و ناتەبایی هەڵبگرتایا.جا سەربە هەر ئایینێک بوایان کوردستانیان وەکو کۆڵەکەی مانەوەی خۆیان دانابا.خوێندەواری کوردیش بیری تۆمارکردنی ئەدەب و هونەری خۆی لە لا هەبوایا.بەداخەوە نەیکرد و هەر بە چاوی سوک بۆ خۆی ڕوانی.تەنانەت زۆرێک لە خوێندەواری ئێمە چونە خزمەتی ئەوان و هەرگیز نەگەڕانەوە سەرهێڵی کوردەواری.

عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۱/۱۰/۲۷
🔵دیمانەیێکی تایبەت؛لە سەر تەوەری ناسیۆنالیزمی کوردستانی،دیمۆکراسی،ئێران

🔹ئەم دیمانەیە لە کڵابهاوسی ڕادیۆ کوردستان بەڕێوە چووە.
کاک سیروان رێناس، خوێندکاری دوکتۆرای تیۆریی سیاسی لە زانکۆی پێنسیلڤانیا وەڵامی پێنج پرسیاری ڕادیۆ کوردستان دەداتەوە:
یەک: هاوپەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ئازادی: ناسیۆنالیزم دەتوانێ ئازادی دەستەبەر بکات؟
دوو: هاوپەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ئەخلاق: ناسیونالیزم دەتوانێ بەستێنی فەزیلەتمەندی و چاکە بۆ نەتەوەی بندەست دەستەبەر بکات؟
سێ: جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان، خودموختاری، فیدراسیۆن و کۆنفیدراسیۆن چین؟
چوار: کێشە سەرەکییەکانی فیدراسیۆن لە ئێران چین؟
پێنج: لە ئەگەری ڕوو دانی فیدراسیۆن لە ئێراندا چی بەسەر هێزی پێشمەرگە دێت؟


📻وێستگەی ڕادیۆ_کوردستان
🎙گفتوگۆکار:عەتا جەماڵی
🎙میوان:سیروان ڕێناس

🌐وەرگیراو لە کاناڵی ڕادیۆ کوردستان


👇👇👇👇👇

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵 مرۆڤی کورد و بەرەی داهاتوو.

فیلمی ژیانی من(My life) بەسەرهاتی لاوێکی ئەمریکییە کە دەسکورتی بنەماڵەکەی بۆی دەبێتە شوورەیی، بۆیە زێد و مەڵبەندی خۆی بەرەو گەورە شاران بە جێ دێڵێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ. تەنیا ئاواتیشی دەوڵەمەند بوونە.پاش ساڵانێک، ئێستا باری ژیانی گۆڕاوە. هاوسەرگیری کردوە و خێزانی دووگیانە. بەڵام درەنگ دەزانێ کە خۆی تووشیی شێرپەنجە بووە. بە وتەی دکتوران چەند مانگێ زیاتری نەماوە بە ڕووی دنیاوە. دەزانێ چاوی بەو منداڵەی ناکەوێ. کەچی لە دەروونەوە خۆی بە بەرپرس دەبینێ. بویە بڕیاردەدات وەکوو باوکێک ئەوەی زانیاری پێویستە بە پێی تەمەن،بە شێوازی ڤیدیۆ بۆی تۆمار بکات تا دواتر ئەو منداڵە خۆی چاوی لێ بکات. بەڵام قەیران لێرەوە دەس پێدەکا کە پێش بە هەموو کارێ، ئەبێ خۆی بەو منداڵە بناسێنێ. خۆی کێیە؟؟؟ مرۆڤێکی پڕ لە شەرمە لە ئەسڵی خۆی، نامۆ لە کۆمەڵگا، بێخەبەر لە ئەرکی ئینسان و مانای ژیان و...

تەنانەت ناوەکەشی هی خۆی نیە. تازە زانیویە جگە لە پارە زۆر شتی تریش هەن کە گرنگن. ئەو پردی پێوەندی نێوان خۆی و ڕابردووی بە دەستی خۆی ڕووخاندوە. تێدەگات پشتکردن لە پێناسەکان، نەبۆتە هۆی چارەسەری دەردەکانی، بەڵکوو ئەوە هەر خودی دەردەکەیە... بۆیە لە گەڵ خێزانی دەگەڕێتەوە زێدی خۆی، بۆ سەردانی بنەماڵەی. ئەم گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە، زۆر شتی بۆ روون دەکاتەوە. تێدەگات ئەوەی کە ئەم لێی هەڵاتووە مانای ژیانە. باوکی ئەگەرچی نەدار بووە بەڵام ڕەنجدەر بووە. ئەگەرچی ماڵیان بچووک بووە بەڵام دایکی دڵاوا بووە... ئەرکی مرۆڤ تێکەڵ بوونە بە هەموو تاڵی و خۆشییەکانی کۆمەڵگا. سڕینەوەی ترس و قینە لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی، ناساندنی بەرەی پێشووە بە بەرەی نوێ، هیوایە بە دواڕۆژ و..و..و.. لە مانای ژیان تێگەیشت ئەگەرچی درەنگ.

ئێستا چیرۆکی ئەو کابرای ئەمریکییە لە گەڵ باری ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردیدا بەراوەرد بکەین: کوردی ئەم سەردەمە بە بیانووی جۆراوجۆر، لە شوناسی خۆی (زمان، خاک، مێژوو،هونەر و دیکەی پێناسەکانی) هەڵدێت. بە سەدان بلیمەتی گەلانی فارس و تورک و عەرب، بە ڕەچەڵەک کوردن کەچی پیان عارە هەر باسیشی بکەن. لە پاش مردنیان تازە دەزانین لە دایک بووی کوردستانن. دەڵێن زمان یەکم شوناسی هەر گەلێکە،دەی ئاخاوتنی ئێستای ئێمە لە سەدا چەندی کوردییە؟کاتێ  ئەو هەموو پارە خەرج دەکەین تا بەڵکوو منداڵمان فێری زمانی ئینگلیزی بێت، بەڵام پێمان وایە کات بە فێڕوودانە ئەگەر کەسێک بە خۆڕاییش فێری کوردی نووسینیان بکات، ئیتر قسەیێکمان ماوە بۆ بەرەی داهاتوو؟

نە چیرۆکی ڕەسەنی پێشوومان دەناسین نە ئەدەبی بەهێزی منداڵمان هەیە، ناودارانی خۆمان ناناسین و هەر کامە موریدی ناودارێکی بێگانەین، دەی چۆن ببین بە پردی نێوان دوو بەرە؟ ئەوەندە بیری پارەپەرەستی پەرەی سەندووە، هەرشتێک کە نەتوانین بیکەین بە پارە، لامان بێبایەخە. زمانی کوردی چۆن نانی لێ پەیدا نابێ، بۆیە وادەزانین بێکەڵکە (نەمر کامران عالی بەدرخان فەرمووی: کورد تا زمانەکەی لە نانی شەوی بۆی گرنگتر نەبێ هەر ئەمە حاڵ و ڕۆژیە).
ئەڵبەت جیاوازیشمان لە گەڵ کابرای نێو فیلمەکە زۆرە:برینی ئەو تاکەکەسیە بەڵام  برینی ئێمە گشتییە. ئەو لە گۆڕیشدا دڵنیایە کە منداڵەکەی بە زمانی خۆی پەروەردە دەبێ. هەموو کەلتوور و میراتی نەتەوەیی ئەو ئارشیڤ کراون، چی لە کەلتووری بوێت، لەبەردەستی دایە. مێدیا و زانستگەی بەهێزیان هەیە. کۆمەڵگاکەی دەرفەتی ناسینی هەموو گەورەکانی خۆی بۆی پێک دێنێ. بەلام منداڵی کورد چی؟ لە مێشکیدا  ڕابین هوود و زورۆ... دانشتوون. جێگا بۆ عەتاکەل و خولەپێزە و مامە ڕیشە نەماوە. بەکام کتێبخانە و بەکام سینەمای بەهێز؟(تازە هێندێ کەس هەر ئاوڕ لە کتێب و فیلمی کوردی نادەنەوە، نەوەک کوردبوونیان وە بیر بێنێتەوە). کورد سەد ئەوەندەی مێژووی ڕوون، میژووی شاراوەی هەیە.ئەوان زلهێزی عاڵەمن، کەچی  مێژووی چوارسەد ساڵەی خۆیان بە پێویست دەزانن بۆ مانەوە و گەشەکردنی بەرەی دواڕۆژیان، ئێمە بە ناو هەزاران ساڵ مێژوودا وەیلانین.

لە هەر خێڵ و بنەماڵەیێک و لە هەر قوتابخانەیێک چەندین ژن و پیاوی دڵسۆز هەن کە خۆبەخشانە، هەوڵدەدەن بۆ گواستنەوەی شوناسی کوردی بە بەرەی داهاتوو، بەڵام ئەو بارە قورسە تەنیا بەو چەن کەسە جێبەجێ نابێت.

بۆ چارەی ئەم دەرد،  ئەبێ ئەوەی کە لە دایک وباوکان سەبارەت بە زمان و کەلتوور و هونەر بۆمان ماوەتەوە، ئێمەش بە باشترین مێتود فێری منداڵانمانی بکەین. هەوڵێکی گشتی بۆ ئەوەی کوردی، کوردی نەزانی، شەرمن لە کورد بوون، لە خەو هەستێنین. بە داخەوە زۆریان فەوتان، کەم کەسیان وەکوو نەمر "ئەحمەد کایا" پاش ئەو هەموو دوور کەوتنە، گەڕابێتەوە سەر بنەڕەتی خۆی.
تێبینی:

عیسا ئەحمەدی.۱۴۰۲/۰۴/۱۳

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran