میزان - کـوردستان
1.68K subscribers
199 photos
163 videos
68 files
881 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🔴 سێ هەنگاو تا ڕووناکی.

ڕابرت جانسن دەروونناسی ئەمریکی؛
باسێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش لە سەر سێ شاکاری ئەدەبی عاڵەم دەکات کە هەرکامەیان هەڵگری جۆرە کەسایەتی و ئەکتەرێکی تایبەتن.

یەکەم شاکار "دۆن کیشۆت"ە. پیاوێک کە هیچ زانیارییەکی ڕاستەقینەی لەسەر دنیای دەوروبەری خۆی نییە، ئەگەرچی بە دڵ حەزی لە چاکەیە، بەڵام بە هۆی کتێبی خراپ و بیری خۆرافی، تووشی کێشەی دەروونی دەبێت. ئەو تەنیا لە دەروونی خۆیدا دەژی، بەو جۆرەی کە پێیخۆشە و بیری لێ دەکاتەوە. کاری بە دنیای دەرەوە نییە. خزمەتکارێکی هەیە بە ناوی "سانچۆپانزا" (لە زمانی ئێسپانی دۆن کیشۆت ئەو بەشە لە جل و بەرگی ئاسنی تایبەت بە شەرڤانانی قەدیم بووە کە پارێزەری ئەندامە جنسییەکانە. سانچۆپانزاش واتە: گەد و گیپاڵ). ئاغا و نۆکەر بە دوو قۆڵی دەچنە سەفەر. دۆن کیشۆت بە دوی ژنێکی خەیاڵاوی و سانچۆش بە تەمای خواردنێکی باشترە. زۆریش متمانەیان بە خۆیان هەیە، چون نازانن دنیا چ باسە. تەنیا کێشەیان ڕووبەڕوو بوونەوەی جاروبارە لە گەڵ ڕاستییەکان.

هەموومان دەزانین بەشێک لە کۆمەڵگا لە بەر بیری ناڕێک و پەروەردەی نابەجێ تەنیا خزمەتکاری ئەو دوو ئەندامەی لەشیانن و ڕێگایان بە مێشک و بیریان ناکەوێ. دۆن کیشۆتەکان تەنیا بە پێی سروشت و غەریزە دەژین و ئامانج و ئاوات و ئاکامیان هەر ئەوەیە کە باسمان کرد. کاریان بە پێشێل بوونی ڕاستیەکانی نێو کۆمەڵگاوە نییە. ئەگەر حەزیش بە سەرکەوتنی ڕاستیەکان بکەن، بەتەمای کەسانێکی ترن نەک خۆیان. ئیتر با هەر ناو و پلە و پایەیێکیان هەبێت.

شاکاری دووەم: شکسپێر دەیخولقێنێ، هەملێت، شازادەیێکی دانمارکییە، چۆتە سەفەر، کە دێتەوە دەبینێ بابی مردووە و ئێستا مامی پادشایە و دایکیشی مێردی بە مامی کردووە. تا ئێرە هەملێت جارێ بۆ خۆی هەر دۆن کیشۆتە. بەڵام شەوێک ڕۆحی وەیلانی باوکی دێتە لای و پێی دەڵێ: ڕۆڵە من بە پیلانی دایکت و مامت کوژراوم. خوێنم پاماڵی خەیانەتێکی سامناک بووە. لەو شەوە بەدواوە باری قورسی زانینی حەقێقەت دەکەوێتە سەرشانی هەملێت. شکسپێر دەڵێ: کە فامیت ئیدی ناگەڕێیتەوە بۆ نەفامی، گەڕانەوە بۆ بەهەشتی دۆن کیشۆتەکان مەحاڵ دەبێت. لە بەر خەمی فامین لە نێوان مان و نەماندا قەتیس دەمێنێ. (to be or not to be) وتەیەکی مەشهوورە.

زانستی بێ کردەوە تراژدی بەرهەم دێنێ. بۆیە ترس و دوودڵی هەملێت ئەبێتە هۆی خۆکوژی دەزگیرانی و تیاچوونی باقی بنەماڵەی ئەو کچە. دایکی دەرمانخوارد دەبێ. خۆی بە فێڵی مامی زامێکی کوشەندەی بەردەکەوێ و پێش مردن مامی دەکوژێ. واتە چون ڕێگا و تەدبیر نازانێ وڵاتەکەی بێ دڵسۆز و بێکەس دەمێنێتەوە. بەشێکی تر لە کۆمەڵگا هەملێتەکانن. ئەوانەی کە تێکەڵاوێکن لە زانست و ترس و دوودڵی. ڕاستییەکان دەناسن بەڵام بێ کردەوەن، بۆیە دەروونیان پڕ ئاژاوەیە. حەسرەتی ڕابردووی لە دەسچوو، دڵەڕاوکەی داهاتووی نادیار، ئەمڕۆشی لێیان تێکداوە و ژیانیان تەنیا ژانە و بەس. زۆریان لە ژیانێکی ئاساییش بە جێ دەمێنن.(لە سیستمی پەروەردە، منداڵانی ئەمڕۆ بە شێوازی هەملێت پەروەردە دەبن. کاتێ لە بەیانی تا ئێوارە لەم فێرگە بۆ ئەو فێرگە دەیان ڕفێنین. کەچی منداڵ ئەبێ دۆن کیشۆتی دنیای خۆی بێت نەک هەملێتی دەوران).

شاکاری سێیەم "فاوست"ە بە قەڵەمی گۆتە. فاوست ڕێک لەو شوێنەوە دەس پێدەکات کە هەملێت کۆتایی پێدێت. فاوست زانایێکی گەورەیە لە چەندین بواردا. بەڵام هەست بە بەختەوەری ناکات و دەیەوێ خۆی بکوژێ. له ئاوەها بارودۆخێکدا خودا و شەیتان لە سەری گرێو دەکەن. شەیتان دێتە لای فاوست.  فاوست بە خوێنی خۆێ گرێ بەستێک لە گەڵ شەیتان واژۆ دەکات. شەیتان ژیانی پڕ لە خۆشێ دنیای پێ دەبەخشێ، لە دەستەڵات، ناوبانگ، ژن و.... بەو مەرجەی کە پاش مردن لە گەڵی نوقمی جەهەننەم ببێت(پێچەوانەی چیرۆکی ئەیووب). پاش سەیر و سەفەرێکی دوورودرێژ و سەیروسەمەرە، تەواوی ئەو خۆشیانە دەچێژێ کە شەیتان قەوڵی پێدابوو. کەچی پاش هەموو ئەمانە تێدەگات کە خۆشی و بەختەوەری مرۆڤی بەرز، تەنیا لە هەوڵ و تێکۆشانی دایە بۆ خۆشی و بەختەوەری خەڵک نەک تەنیا خۆی. کاتی مردن شەیتان دەیەوێ ڕۆحی فاوست لەگەڵ خۆی بباتە جەهەننەم، کەچی خودا بەر بەو کارەی دەگرێ.

فاوست تێکەڵاوێکە لە دۆن کیشۆت و هەملێت. هاوسەنگی دەروونە لە گەڵ دەرەوە. ئەگەر هەملێت زانست و قسەیە. فاوست زانست و کردەوەیە. گوتە فێرمان دەکات ڕوانگەی دروست بۆ ژیان لە زانستەوە پێک دێت، هاوڕێ لەگەڵ بڕوا بە خۆ بوون. تێکۆشان لە پێناوی ژیانێکی ئینسانی، نەک لەکۆڵ کردنەوەی زەمان  (مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان).

دنیای ئەمڕۆ وای کردووە کە زۆرمان ئاواتی ئەو پەیمانەمان لە گەڵ شەیتاندا هەیە. بەڵام گوتە ئاکامەکەی لە دوو سەدە لەمەو پێش دێنێتە پێش چاومان.

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۵/۱۰



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔴 وشەکانی پیتی A

چەندین سەدە پێش ئێستە، ژنێکی بێکەس کە لەگەڵ مێردەکەی دەستیان لێکبڕا بوو، پەنا دەباتە شاری بوستونی ئەمریکا. ئەو دەمە بوستون ناوەندی لایەنگرانی کلیسای پرۆتێستان دەبێت. ژنەکە وەستایەکی دەستڕەنگین بووە لە بواری هونەری درووماندا. پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ، خەڵک نیشانەی دوو گیان بوونی پێوە دەبینن! ئەوەش شتێک نەبووە کە‌ ئەو خەلکە لێی بێدەنگ بن. ژنەکە دەسبەسەر دەکرێ. پیاو ماقووڵ و ئایینیەکانی شار خوازیاری ناسینی باوکی ئەو منداڵە دەبن. بەڵام ئافرەتەکە هیچ نادرکێنێ. منداڵەکەی لە بەندیخانەدا لە دایک دەبێ. هەر لەو سەر و بەرەشدا دوکتۆرێک رێی دەکەوێتە ئەو شارە و ئەویش بەو کێشەیە دەزانێ. بەرپرسی زیندان کە لە گریان و ناخۆشی منداڵەکە وەڕەز بووە، لەو دوکتۆرە داوا دەکات بێت و ئەو منداڵە دەرمان بکات. لە تەنیایی زینداندا دوکتۆر بە ئافرەتەکە دەڵێ: من وەکوو ئەو خەڵکە نیم کە تەنیا ڕواڵەتی تاوانەکان دەبینن و چاویان بۆ سەرچاوەی خراپییەکان لێڵە. دڵنیابە من باوکی ئەو منداڵە دەدۆزمەوە. بەڵام سوێندت دەدەم لای کەس باسی ناسینی من مەکە.

بڕیاری دادوەر ئەوە بوو کە دەبێ ئەو ژنە بۆ چەند کاتژمێرێک لە سەر بەرزایی سەکۆی بەر کلیساکە، بەرانبەر بە خەڵکی شار ڕاوەستێ و منداڵەکەی لە باوەش بگرێ، تاکوو ئەو حەشیمەتە بەو کردەوەیەی بزانن. پاشان بۆ هەمیشە قوماشێکی سوور بە سینگییەوە هەڵواسێ کە لەسەر  قوماشەکە وشەی A ( داوێن پیس= Adulterer) نووسرابوو.ژنە خۆی بە تاوانبار دەزانی و ئەو سزایەی لە سەر خۆی بە ڕەوا دەبینی. دواتر بە بێدەنگی لە کەلاوەیێکی قەراخ شار لەگەڵ منداڵەکەیدا دەژی، بەڵام ژیانێکی پڕ لە تانە و تەشەر.

ڕۆژێک قەشە(کشیش)ی گەورەی شار نەخۆش دەکەوێت. لایەنگرانی لە پاڵ کلیسادا خانووێکی بۆ بەکرێ دەگرن تا هەموو کاتێ لە ژێر چاودێری دکتۆر و خزمەتکارانی دا بێت. پاش ماوەیەک دوکتۆر وردە وردە تێدەگات کە باوکی ئەو منداڵە هەمان قەشەی نوورانییە. بیری تۆڵە لە مێشکی دوکتۆردا شەپۆلان دەدا. بۆیە هەر ئەوەندە دەرمانی دەکات کە قەشە زیندوو بمێنێتەوە. بەڵام بە تانە و بە ڕەخنە ڕۆحی ئەشکەنجە دەدات. پرسیاری لێدەکات: تاکەی دەبێ خەڵکی ببنە قوربانی فڕوفێڵی ڕێبەرانی درۆزن؟ ئاخۆ قەت تروسکەی ڕزگاری لە دەروونیان دەردەکەوێ بۆ شوێن کەوتووانیان یان ئەویش هەر جۆرێک بەزمی ئاغا و نۆکەرییە؟ هەموو کەسێک هەڵە دەکات بەڵام مرۆڤی ڕاستەقینە ئەوەیە کە تاوانی خۆی لە ئەستۆ بگرێ.... پیاوەتی بە ئیشە نەک بە ڕیش... بەڵام وتوویانە: مار هەزار پێچیش لە خۆ دات عاقیبەت دەبێ بە ڕاستا بچێتە نێو کونەوە.

ژنە بێجگە لە بژیوی خۆی و منداڵەکەی، باقی داهاتی دەکردە خێری هەژاران. بەڵام نە وەک هێندێ کەس کە نان ئەدەن بۆ ناو، پێی وانەبوو ئەو نیشانە سوورە و ناوبانگی چاکە یەکبگرن، تەنیا لەبەر  هەڵوێستی مرۆڤ دۆستی وایدەکرد. لە پاش ساڵانێک هێدی هێدی خەڵکەکە ڕوانگەیان لەسەر ژنەکە گۆڕا و پیتی Aیان بە Able (بەهێز) مانا دەکردەوە. شەوێک قەشە پەنای پێدەبات و پێی دەلێ: من نەموێرا وەکوو تۆ ژیانی خۆم بە بارێکدا یەکلایی بکەمەوەو پاش تاوان ژیانی ڕوو لە ڕاستی بگرمەبەر. ئێستا ڕۆحم لەئابڕوو چوون تۆقیوە. دەترسم زەنگی بەدناویم بزڕێ. تکایە بە هێزی یەکڕەنگی خۆت ڕزگارم بکە.

کاتی بەیانی کە دوکتۆر لە مێرگان بە دووی گیا خۆڕسکە دەرمانییەکاندا دەگەڕا، ژنە دەچێتە لای و تکای لێ دەکات کە واز لە قەشە بێنێ و لەوە زیاتر ئازاری نەدات. دکتور دەڵێ بۆ تۆ هەر ئەو پەڕوە بە بانترین سزا دەزانم. بەڵام تاوانی گەورەکان زۆر قورسترە.

ژنە پێی وابوو هەر پێوەندیەک جۆرێک بەرپرسایەتیش دێنێ. ئەویش بە هۆی تاوانی هاوبەش، بەرانبەر بە قەشە خۆی بەرپرس دەبینی. بۆیە ئێوارەیێک لە دارستان بەر بە قەشە دەگرێ و نەهێنیەکەی بۆ باس دەکات: ئەو دکتۆرەی کە حەوت ساڵە هاوکات لەشت دەرمان دەکا و ڕۆحت دەڕووخێنێ؛ مێردی منە کە تۆڵەی ژیانی خاپووری خۆی لە تۆ دەستێنێ. لە باتی تیاچوونی ژینی هاوبەش، دڵۆپ دڵۆپ ژاری تانەی دوو ڕەنگی دەرژێنێتە گیانت. بۆیە داوای لێدەکا کە واز لەم گەورەیە بێنێ و بەرەو ئەوروپا بڕوا. قەشە دەڵێ منی نەخۆش هێزی سەفەرم لێبڕاوە. ژنە بەڵێن دەدا بەو مەرجەی کە ڕۆحمی باوکیت بۆ ئەو منداڵە هەبێت، لە گەڵت دێم و دەتپاریزم.
بەڵام ئەمجارە قەشەیە کە ڕوانگەی گۆڕاوە. ئاخر یەکەمجارە تامی ڕاستی و یەکڕەنگی چێشتوە و توانیویە بە دڵ لەگەڵ کەسێک بدوێ.... لەوە بەدوا دەرمانەکانی دکتۆر ناخوا، ڕۆژی جێژن کە هەموو خەڵکان لە ناوەڕاستی شارن، قەشە دەستی ژنە و مناڵەکە دەگرێ و دەچێتە سەر هەمان سەکۆ. هاوار دەکا: خەڵکینە وەرن دەبا ئەو بوتەی کە دەیپەرستن، بیناسن... ڕاستییەکان ئاشکرا دەکا. پاشان سەر لە داوێنی ژنە دادەنێ و گیان دەسپێرێ.

خەڵکی بوستون لە سەر گۆڕی ئەو ژنە پیتی Aیان بە مانای Angel (فریشتە) نووسیوە.

Scarlet letter by Nathanil Hawthorne

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۵/۲۸



http://T.me/Mizankurdi
🟦 هەتا سواری ئەسبی خەڵکیت؛ هەر پیادەی!

تا ساڵی۱۹٦۵ واتە بەر لە شوڕشە مەزنەکەی مارتین لۆتێرکینگ؛ لە ئامریکا یاسایەک هەبوو بە ناوی جیم‌کروو، کە لە زورێک لە ناوچەکانی ئەمریکا بەڕێوە دەچوو. بەپێی ئەم یاسا، ڕەشپێستەکان مافی ئەوەیان نەبوو کە لە شوێنەکۆمەڵایەتییەکان وەک هوتێل، باس، فێرگە، چێشتخانە و شوێنەکانی دیکە کەڵک وەربگرن. چون بە هۆی ڕەگەزپەرەستی، سپیپێستەکان خۆیان بە هاوشانی بۆرەپیاوی ڕەشپێست نەدەزانی. لەهەر شارێک بۆ ڕەشپێستەکان تەنیا چەند شوێنێکی دیاریکراو هەبوو.

پیاوێکی پۆستچی بۆ ماوەی سی ساڵ کتێبێکی بڵاو دەکردەوە بە نێوی Green Book کە ئەو شوێنە گشتیانەی کە ڕەشپێستی کڵۆڵ بتوانی دوور لە توندوتیژی ڕەگەزپەرەستی مرۆڤخۆر، کەڵکی لێ وەربگرێ، تێدا دیاری کرابوو. هەر بەو ناوەش فیلمێک دروست کرا لەسەر ژیانی ڕاستەقینەی پیانیستێکی ڕەشپێستی ئەو سەردەمە، کە زۆر شارەزای ئاسەواری "بێتۆڤێن" و "ڕۆبێنیشتاین" و "شۆپێن" بوو. ئەو پیانیستە بانگهێشت دەکرا بۆ هۆڵە شکۆدارەکان و هوتێلە ئەعیانییەکان و بۆ سپیپێستەکان پیانۆی دەژەند. کەچی هەر بەپێی هەمان یاسا مافی چوونە ئاودەستی ئەو شوێنانەی نەبوو و دەیانگوت بۆ خۆت لە پاڵ دێوارێ، بن دارێ، کەندەڵانێک دانیشە. واتە هونەرەکەیان ئەویست نەک خۆی. ئەو لەنێو بێگانە وەکوو مرۆڤ جێگەی نەبوو، لە هەست و هونەر و دابونەریتی هاوڕەگەزانی خۆشی، بێگانە کەوتبوو.

گرنگی کاری مارتین لۆتێرکینگ ئەوە بوو کە بە وتار و کردەوە ئەو جۆرە کەسانەی تێگەیاند؛ تۆ کە ئاودەستخانەیێک پێ ڕەوا نابینن، ئیتر شۆپێنی چی؟ و بتۆڤێنی چی؟ پێش لەهەموو کارێ، ئەو بیرۆکەی کە خۆیان لە سپیپێستەکان بە کەمتر بزانن لە مێشکیاندا سڕیەوەو وتی یەکسانی و بەرابەری ئینسانەکان یەکم قانوونی مرۆڤایەتییە. کەلتوور و هونەری خەڵکانی تر بناسن بەڵام پێشتر دەبێ خۆتان بناسن. لۆتێر کینگ بەو شێوە یاسای جیم‌کرۆی، هەڵوەشاندەوە، ئەگەرچی گیانی پیرۆزی لەو ڕێگایەدا بەخت کرد.

زۆرێک لە خوێندەوار و شاعێر و نووسەر و هونەرمەندی ئێمە، لە خزمەتی کەلتوور و هونەری خۆمان نین و ماڵی دراوسێ ئاوەدان دەکەنەوە. تەنیا وەک وێنەیێک لە سەدان: نەمر یاشار کەماڵ لە وتووێژێکدا سەبارەت بە شاکاری "ئینجە مەمەد"لێی دەپرسن کە چۆن توانیت ئاوەها کاراکترێکی مەزن بخولقێنیت؟ وتی من نەمخولقاند بەڵکوو دیم. خاڵۆی خۆم بوو کە دژ بە زوڵمی عەسکەر و ژاندارم ڕاپەڕی بوو. من تەنیا ناوەکەیم کرد بە تورکی! سەیری ئەو قوڕبەسەرییەی ئێمە: چیرۆکی ژیانی کوردێکی دژ بە زاڵم، بە تورکی بنووسی و ببێ بە کاندیدی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبی بۆ ئەوان. بەڵام کاتێ یاشار کەماڵ وەکوو کوردێک باسی زۆرلێکراوی گەلەکەی خۆی کرد چەندین جار تووشی زیندان و ئاوارەیی هات.

ئێمەی کورد چوونکا بە بیری کوردی پەروەردە نەکراوین، بڕوامان بە خۆمان نییە،  شاڕەزای زمان و کەلتوور و ئەدەبی خۆمان نین. کاتێ باسی بێخەبەری لە زمان و هونەری کوردی و هۆگریمان بە فەرهەنگی بێگانەوە دەکرێ، دەڵێن لەلای ئێمە هونەر سنووری بۆ نییە و ڕاستیەکان بە هەر زمانێک بێت بۆ ئێمە جیاوازی نییە و...
خۆ دیارە ئەو قسە بۆ خوداپێداوان ڕاستە بەڵام تۆ خەرێکی خۆت لەبیر ئەکەی، لە خۆت بێگانە دەبی، کەلتوور و زمان و هونەری خۆت لە ناوچووندایە و تۆ هیچ هەوڵێکی بۆ نادەی(ئەگەرچی بێ سنووری هونەرمان لە ژیانی ئەحمەد کایا دێ کە هەتا پاڕیس درێژەی هەبوو).
لاوێکی خۆمان دەنگی تەواوی ئەو کەسانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، گۆرانی "مرغ سحر" یان چڕیوە لە فایلێک کۆ کردۆتەوە. وتم حاشا لە گەورەیی ئەو گۆرانییە ناکرێ؛ بەڵام ئاخۆ حەسەن زیرەک کە دەڵێ: کوردەلێ فەلەکە، برادەرینە فەلەکە، ئەوە گەمیەو لە بەحرانم دەگەڕێتەوە، کەلەکەو لە چۆمانم دەگەرێتەوە، لە عالەمی خۆدایەو لە منی هەژار بەتاڵان دەچێتەوە... شیوەنی کامین دڵسووتاوی کوردە؟ وتی هەر مانا ڕواڵەتیەکەشی تێناگەم.

ناسینی ئەدەب و هونەری خەڵکانی تر نەک هەر خراپ نییە بەڵکوو پێویستیشە. مامۆستا نالی ئەگەر دەستەڵاتی بەسەر زمانەکانی تردا نەبوایا ئەوەندە شێعری بەهێز نەدەبوو. مامۆستا مەولەوی شێعری شاعیرانی فارسی وەها وەرگێڕاوە سەر هەورامی، پیاو سەری سڕ دەمێنێ. دیارە ئەوان هونەر و ئەدەبی گەلانی تریان باش ناسیوە بەڵام لەوان باشتر زمان و ئەدەبی خۆیان ناسیوە.
خزمەتی بێگانە و لەخۆ نامۆبوون چارەی دەرد نییە ،خودی دەردەکەیە. کوردی خۆبەکەمزان دەبێ بزانێ پادشای جەهەنمی خۆی بێت باشترە لە نۆکەری و کڵفەتی بەهەشتی خەڵکی.

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۷/۱۸

http://T.me/Mizankurdi

🌍 Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟥 لە بەڕەڵایی هەتا ئازادی

لە کۆڕێکدا باس هاتە سەر ئەوەی کە ئاخۆ سزای لە سێدارەدان قورسترە یان زیندانی هەتاهەتایی؟ لەو کۆڕەدا بانکدارێکی ملیاردێڕ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مردن بە شێوازی ئێعدام تەنیا چەن چرکەسات دەخایێنێ، کەچی زیندانی هەتاهەتایی واتە مردن بە شێوازی زەجری درێژخایێن. لاوێکی تەمەن ۲۵ ساڵ بە پێچەوانەوە دەیگوت کە زیندانیکردنەکە باشترە و ژیان بە هەر شێوەیێک درێژەی هەبێ هەر باشە. هەرکامەش لەسەر بیروڕای خۆیان سوور بوون. کێشە گەیشتە ئەوەی کە کابرای دەوڵەمەند لەسەر دوو ملوێن دولار گرێوی کرد، بەو مەرجەی کە ئەو لاوە پانزدە ساڵی ڕەبەق لە زینداندا بمێنێتەوە.

گرێبەستێک واژۆ کرا کە کوڕە لە باخی کابرا لە نێو خانویێک بمێنێ. دەرکە لاک و مۆر بکرێ، چاوی بەکەس نەکەوێ، تەنیا لە ڕێگای دەلاقەیێکەوە نان، شەراب، ئامیری مووسیقا، جگەرە، کتێب و کاغەزی پێ بدرێت. کەس بە زۆر ڕاینەگرێ. دەستەڵاتی هاتنەدەرەوەی لە هەمووکات هەبێت، بەڵام ئەگەر پێش پانزدە ساڵ بێتەدەرەوە هیچی دەس ناکەوێ. پاسەوانێک چاودێری ئەو خانووە بێت و داخوازی و پێویستییەکانی ئەو لاوە لە دەلاقەوە وەربگرێ.
کابرا مەستی پارەی زۆر و لاویش بە تەماحی پارەی زۆر، ڕێک کەوتن. قوماری سەرمایە و ژیان دەستی پێکرد.
ساڵانی هەوەڵ تەنیا بە سازژەندن و خواردن و خەو ڕادەبرد. بەڵام ئەو لاوە وردە وردە دەستی کرد بە خوێندنەوە. لە کتێبە ساکارەکان تا دەگاتە مێژو و شێعری بەرز و ڕۆمانە مەزنەکان و کتێبە ئاسمانییەکان و...
پاش پانزدە ساڵ، لە ڕۆژانی ئاخر، کابرای سەرمایەدار ترسی لە دەسچوونی ئەو هەمووە پارەی لێ نیشتبوو، بۆیە شەوی ئاخر بە بێچرکە دەچێت و لاک ومۆری دەرکە ڕادەماڵێ و دەیەوێ لەکاتی خەودا بیخنکێنێت. لەو دیوەدا تەنیا شەمێک هەڵکراوبوو، لە پەنایدا نامەیێکیش دانرابوو. کابراش خەوی لێ کەوتبوو. لە نامەکەدا واینوسیبوو: لە سبەیڕا من مافی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگام هەیە، پێش بینینی خۆر و خۆڵ، پێویستە ڕابگەیێنم کە من لە ڕێگای بیر و خوێندنی قووڵ بە دڵ مەست بووم . لە ناخی دڵمەوە گۆرانیم چڕیوە. لەگەڵ ڕۆحی ژینگە ژیاوم. لە جوانی ڕاستەقینەی ژن تێ گەیشتووم. هاواری گەورەپیاوانم بیستووە. لە مانای مردن دەزانم.  من هەستم بە فڕەی باڵی شەیتانەکان کردووە کاتێ بە درۆ باسی خودا دەکەن. زانیومە ڕێگامان هەڵە کردووە و درۆکانمان بە ڕاست زانیوە و ناشیرنییەکانمان بەجوانی هاتوەتە بەرچاو. دنیامان بە نێوی بەهەشەت لێ کراوە بە جەحەندم. ئێستا من لە ژیانی نێو ئەو بەهەشتەی کە بە پارەی  سووخۆران بخولقێت بێزارم....
بەیانی چەندین کاتژمێر پێش لە کۆتاییهاتنی گرێبەست باخی بەجێ هێشتبوو.

لە نووسینی ئانتوان چێخۆف ۱۸۸۹ ڕوسیا.

چیخۆف بەر لە هەموو شتێ دەڵێ: ئەبێ یاساکان ڕوانگەی مرۆڤایەتیان لە پشتەوە هەبێت. زۆر جار سەرمایەدارەکان ژیانی مرۆڤ بە پارە هەڵدەسەنگێنن. هەژارەکانیش لەبەر تەماح پشت لە ئازادی خۆیان دەکەن. نرخەکەشی سەرمایەدار دیاری دەکا. سەربەستی شتێکە لە دەروونەوە دەست پێ دەکا و بناغەکەشی بیر و زانین و تێگەیشتنە. مانای ژیان و ناسینی جیهان بە بیستنی قسەی گەورەپیاوان سەبارەت بە یاسا، مان و نەمان ،پارە و زۆر شتی تر  بە دەست دێت، ئەوێش بەشی زۆری لە ڕێگای خوێندنەوەیە. چێخۆف دەڵێ هەر کەسێک ئەبێ سووچێکی تەنیایی هەبێ بۆ بیرکردنەوە( چخۆف لەبەر ئەوەی ئێمە لە نرخ و بایەخی بیری ئازاد تێبگەینێ ماوەی ترسناکی پانزدە ساڵی بۆ دیاری کردووە). ئاواتی زۆر کەس خواردن و خەوتن و ئارەزووی پارەی زۆرە. بەڵام پیاوی زانا بیری ئینسانی لەلا گرنگترە.  ئازادی بەرهەمی تێگەیشتنەو، بەڕەڵاییش بەرهەمی نەزانین....
بانکدارێک کە پێشتر ئێعدامی پێ باشتر بوو تا مردنی درێژخاین، ئێستا بۆ پاراستنی ژیانی درێژخاینی خۆی حوکمی ئێعدامی بێگوناحێک ئەدا. لاوێک کە ژیانی بە هەر شێوەیێک دەویست ئێستا مردنی لەو ژیانە پێ باشترە. دیارە بڕیاردان بەم هاسانیشە نیە و.....
چێخۆفی مەزن زۆر وانەی جوانی  بە قەڵەمی بەرزی شی کردۆتەوە.

عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۷/۳۰


http://T.me/Mizankurdi

🌍 Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
هەر جۆرە خوێندنەوەیەک لە دۆخی مرۆڤی کورد، بە ناچار دەبێت تەکلیفی خۆی لەگەڵ پڕۆبلماتیکی *بێدەوڵەتی* لە جیهانی مۆدێرندا دیاری بکات. گرینگی ئەو مەسەلەیە لەوەدایە کە مەودای جۆری ژیانی مرۆڤی دەوڵەتدار لەگەڵ بێدەوڵەت، مەودایەکی یەکجار زۆرە و ناکرێت تیۆرییەکان نەختوپوخت هاوردەی نێو جیهان ژینی بێدەوڵەتان بکرێت بەبێ ڕوانینێکی وردی ڕەخنەگرانە و هاوڕێژکردنی لەگەڵ زەمینە و زەمانەی مرۆڤی کورد نەبێت. فەزا زەمانی مرۆڤی بێدەوڵەت ناموتەقارن و ناهاوشێوەیە لەگەڵ ئەوانی دیکە. دۆخی مرۆڤی بێدەوڵەت ڕێک ئالەم ڕستەیەی هانا ئارێنتدا بە باشی دەنوێنرێتەوە:
Hannah Arendt says that stateless-ness is the great tragedy of the modern world:
هانا ئارێنت دەبێژێت: بێدەوڵەتی گەورەترین تراژێدی جیهانی مۆدێرنە.

حیسام[هیوا]خاکپوور

👇👇👇👇👇

https://t.me/MizanKurdi
🔹کۆڵۆنیالیزم و جوانیناسی کوردی

کاتێک کە قوتابی دەبیرستان بووم زۆر جار نوکتەیەکی ئاغایەکی ناوچەی خۆمانمان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە. گوایە، ئەو ئاغایە بە ڕانکەوچۆغەی مەرەزەوە دەچێ بۆ تاران. لە تاران کچێکی جوان دەبینێ و قسەیەکی (مەتەڵەکێکی) پێ دەڵێت کە گوزارشت لە بە جوان زانینی کچە تارانییەکە دەکات. کچە تارانییەکەیش لە وەڵامدا دەڵێت حەی لەوە، تەلیسی لەبەر دایە و مەتەڵەکیش داوێت (گونی پوشیدە و متلک هم میاندازد).
بۆ ئێمەی پەروەردەی قوتابخانەی کۆڵۆنیال زۆر لایەنی ڕێز پەڕ لەو نوکتەیەدا بوون کە گرنگترینیان نەگونجان لەگەڵ زەوق و جوانیناسی سوژەی کۆڵۆنیکار یان فارسی تارانی بوو. لە زەینی مرۆڤی کۆڵۆنیکراو کوردی وەکوو ئێمەدا، بەتایبەت کە لە ساڵی ١٩٢٧وە–لە لایەن ناوەندی دەسەڵات یانی تارانەوە –جڵوبەرگی کوردی وەک هیمای دواکەوتوویی ناسرا بوو، هەر چوون بۆ تاران  بەو جلوبەرگەوە  خۆی ئەوپەڕی ڕێزپەڕی و سنووربەزاندنێکی ئاشکرا بوو. لە ڕوانگەی ئێمەوە  گوزارشتی  لە دواکەوتوویی ئەو ئاغایە دەکرد.
ژاک ڕانسییێر لە کتێبی سیاسەتی جوانیناسیدا (The Politics of Aesthetics)، خوێندنەوەیەکی زۆر وردی سەبارەت بە پەیوەندی جوانناسی و هێز و دەسەڵاتەوە هەیە. بە تایبەت لە چەمکی دابەشکردنی هەستەکاندا (The distribution of the sensible)، ڕانسییێر دەڵێ کۆمەڵگاکان ئەوەی کە  دەبینرێت، دەبیسترێت و تەسەور دەکرێت، بچم و فۆرم دەدەن و ڕێکیاندەخەن و یاسا و ڕێسایان بۆ دادەنێن. یانی ڕێکخستنی ئەوەی لە کۆمەڵگایەکدا دەبینرێت و دەبیسترێت و هەستی پێ دەکرێت تەنیا بابەتی تێگەیی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو بە قووڵی لەگەڵ سیاسەت و نۆرم و پلەبەندییەکانی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بووە. بۆیە ڕانسییێر دەڵێت کە ئەم دابەشکردنانە پەیوەندی ڕاستەخۆیان بەدەسەڵاتەوە هەیە و دەتوانن پێکهاتەکانی دەسەڵاتی هەیی (مەوجوود) بەهێزتر بکەن یان تووشی تەحەدایان بکەن.
کە بێینەوە سەر باسی چوونی ئاغای کورد بۆ تاران و خۆ ڕانانی ئەو بەسەر کچێکی تارانیدا بە ڕانکەوچۆغەوە، لە ڕاستیدا سەیریەکی بۆ ئێمە دەگەڕایەوە بۆ ئەو پلەبەندییە کۆمەڵایەتی دیتن و جوانیناسی. لە ڕوانگەی ئێمەی کۆڵۆنیزەکراوە بە تەلیس زانینی ڕانکەوچۆخەی کوردی لە لایەن کچێکی تارانی نەتەنیا ئاسایی بوو، بەڵکوو کچێکی تارانی لە ڕاستیدا سوژەی مەعریفەساز بوو. ئەو خۆی پێوەری جوانیناسی بوو. کاتێک کە کچێکی تارانی جل و بەرگی کورد وەکوو تەلیس دەهاتە بەرچاو لە ڕاستیدا، جلوبەرگی کوردی بۆ ئێمە تەلیس بوو.
سەیرتر بۆ ئێمە ئەوە بوو کە تەنانەت کوردێک زات بکات کە بە جلوبەرگی کوردییەوە بچێت بۆ تاران و چاوەڕوانیش بێت کە بتوانێت لەگەڵ تارانییەک لە جۆرێک لە عیشق و موعاشقەشدا بێت. لەبەر ئەوەیکە، لە پلەبەندی  دەسەڵات و گوتاری بە شارستانیەت کراندا، زۆربەی هێما کوردییەکان کە هێمای جوانیناسی و تێگەیشتنی کۆمەڵگای کوردی لە جوانی بوون، خۆیان جۆرێک هێمای نەگونجان و تەحەددایەکی کۆنەپەرەستانە و دواکەوتوویی لە بەرامبەر نوێخوازی و شارستانیەت و پێشکەووتوویی دەسەڵاتی فارس دەردەکەوتن. پێوەرەکانی ئەو پێشکەوتن سوژەی تارانی دیاری دەکردن. لە ڕوانگە جوانیناسی کۆڵۆنیاڵدا، مەیلی ئاغایەکی کورد بە کچێکی تارانی بۆ ئێمەی پەروەردەی مەعریفەی کۆڵۆنیال زۆرتر وەکوو فەنتازیای مرۆڤی ئەشکەوت نشین بۆ بوون لەگەڵ ئەستێرەیەکی هالیودی دەچوو.

کەماڵ سلێمانی

https://t.me/MizanKurdi
زانین و ئازادی دەستیان لە دەستی یەکدایە.
هەرچی مرۆڤ ئاگاتر بێت، ئازادترە و هەرچی نائاگاتر بێت، ئازادی کەمترە.
زیندان لە توێژی بێ‌ئاگایی تۆدایە.

#وە_هەرمان 🍁

آگاهی و آزادی دست در دست یکدیگر دارند.
هر چه انسان آگاه‌تر باشد، آزادتر است و هر چه آگاهی کمتری داشته باشد،آزادی کمتری نیز خواهد داشت.
زندان تو لایه‌های نا آگاهی توست.

#اشو

https://t.me/MizanKurdi
هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی لەگەڵ ڕەفتاری ئەخلاقیدا جیاوازن
یانێ هەمووان دەزانن کە تێپەڕین لە چرای سوور هەڵەیە بەڵام ئەگەر بەنهێنی بێت زۆر کەس ئەنجامی دەدات
یان ڕشتنی زبڵ لە ڕێرەو و ڕێگادا کارێکی ناشرینە بەڵام زۆرێ کەس ئەگەر کەم حەوسەڵە بن تا بگەنە قەراخی سەتڵی خۆڵەکە تووڕی دەدەن
یان ئەوەیکە عەداڵەت باشە و ناڕاستی خراپ و...
زۆرێک هەن بە قۆناغێک لە هەڵسەنگاندی ئاکاری دەگەن بەڵام بە ڕەفتار ئاکاری نا
ئەوەیکە زۆرتر نیازمان پێی هەیە رەفتاری ئەخلاقییە تا هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی !

#وە_هەرمان 🍁


قضاوت اخلاقی با رفتار اخلاقی فرق دارد
یعنی همه می‌دانند که عبور از چراغ قرمز خطاست اما اگر مخفیانه باشد خیلی ها آنرا انجام می‌دهند
یا اشغال ریختن در معابر کار ناپسندی است اما خیلی ها اگر حوصله نداشته باشند تا کنار سطل آشغال برسند آن را پرت می‌کنند یا
اینکه عدالت خوب است
تقلب بد است و...
خیلی ها به مرحله قضاوت اخلاقی میرسند اما به رفتار اخلاقی خیر
آنچه بیشتر نیاز داریم
رفتار اخلاقی است تا قضاوت اخلاقی !


https://t.me/MizanKurdi
درۆی سپی مەکەن تاکوو پێشکەوتوو بن...!

درۆ سپیەکان درۆگەلێکن کە بۆ زەرەر لە خەڵکی ناگوترێن.
1ــ لەنێو جادە ( ڕێگا ) بە خێرایی ٥٠ کیلۆمەتر لەسەر سەعات شۆفیری دەکات بڵام لەنێو دۆستان دەڵێیت کە کەمتر لە ١٢٠ کیلۆمەتر ناروات!
2ــ ڕۆژانە لاپەڕەیەک پەڕتووک دەخوێنێتەوە بەڵام لە لای خەڵکیدا دەڵێت ئەگەر کەمتر لە دە لاپەڕە بیخوێنمەوە خەوم لێ ناکەوێت!
#پاول_اکمن دەڵێت:
( من درۆگەلی ڕەش بە بەخشراو دەزانم... بەڵام درۆی سپی نەبەخشراون.
ئەم درۆگەلە دەبێتە هەڵدێری تیاچوون بۆ مرۆڤەکان).
ئێمە بە درۆی سپی خەڵکی فریو نادەین بەڵکوو خۆمان فریو دەدەین.

بە ڕادەیەک کە بۆچوونی ڕواڵەتی ئێمە لەگەڵ ڕاستەقینەی ناخماندا جیاوازی هەیە،
گیرۆدەی ناکۆکی و دڵڕاوکێ و گرژی دەبین.

هەر بەو ڕادە مەژبوور دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکدا ڕووبەند لە ڕوخسار بگرین و هەر بەو ئەندازە لە وەدیهاتنی بەرنامەکانی بەرفراوانی تواناییەکانی خۆمان، دوا دەکەوین.....

#وە_هەرمان 🍁

دروغ سفید نگویید تا پیشرفت کنید....!

دروغهای سفید دروغهایی است که برای آسیب به دیگران گفته نمی شوند:

1-در جاده با سرعت ۵۰ کیلومتر در ساعت رانندگی میکند اما در جمع دوستان میگوید که کمتر از ۱۲۰ کیلومتر در ساعت نمیرود!

2-روزی یک صفحه کتاب میخواند اما در حضور دیگران میگوید اگر کمتر از ده صفحه در روز بخوانم نمیخوابم!

#پاول_اکمن می گوید:
«من دروغهای سیاه را بخشودنی می دانم ...
اما دروغ سفید نابخشودنی است.
این دروغ انسانها را به پرتگاه نابودی می برد».

ما با دروغ سفید دیگران را فریب نمیدهیم بلکه «خود» را «فریب» میدهیم.

به اندازه ای که تصویر بیرونی ما با واقعیت درونی ما تفاوت دارد،
دچار تعارض و اضطراب و تنش میشویم.

به همان اندازه وادار میشویم در مواجهه با دیگران نقاب بر چهره بزنیم و به همان اندازه از تحقق برنامه های توسعه تواناییهای فردی خویش، جا می مانیم.....

https://t.me/MizanKurdi
🔵شەوچلە

بە بۆچوونی کەموکوڕی من مەودای نێوان "شەوچلە" و "شب یلدا"، جیا لە ڕەنگۆبۆنە کوردییەکەی شەوچلە، زاڵبوونی مەنتیقی سەرمایەداری و بەرخۆری بە سەر شەوی یەڵدایە. بە تایبەت سەرمایەداریی نمایشی کە ئەو شەوەیشی داشکاندووە بە خواردن و خۆنواندن و نمایشی پارە و مەسرەف و سەرمایە و تێچووی بێهوودە.
بەم شێوەیە لە ناوەڕۆکی پێکەوەژیان و میهرەبانی و هاوخەمی و  ڕۆحی جەمعی خاڵی دەبێتەوە و سەردەکێشێت بۆلای شکاندن و چەوساندنەوەی ڕۆحی چینی فەقیر و هەژار... لێرەدایە کە دەبێت هەر جۆرە بۆنە و بابەتێک کە سوڵتەی ماکی و مینۆکی( ماددی و مەعنەوی ) بە سەر چینی خواردەستی کۆمەڵگادا زیاتر دەکات و ڕۆحیان زیاتر بریندار دەکات، بدرێتە بەر تێخی ڕەخنە و بەگژاچوون.
بەڵام گەر وانەبێت و ڕۆحی بەکۆمەڵ زیاد بکات و بازاڕی سەرمایە و زۆردار زۆر نەکات و بتوانێت یەکانگیری کۆمەڵایەتی لە سادەیی ڕۆحی کوردیدا زیاتر بکات،  ئیمکانێکی باشە لە بەرامبەر لیبرالیزمی تاکخوازی تاکوتەریکی کۆمەڵکوژدا.

حیسام(هیوا)خاکپوور


https://t.me/MizanKurdi
📖  پەروەردەی نەتەوەیی

🖌 ساماڵ بەهاری

📃  ئاماژە:

پڕۆسەی ڕاهێنانی سووژەی نەتەوەیی بۆ نەتەوەی ژێردەست و وڵاتە داگیرکراوەکەی، تەنیا ڕێگەی پەرەدان بە ڕەوت و ڕێبازی نەتەوەخوازییە. دیارە تا ئەو ڕێبازە گشت جمگەکانی کۆمەڵگای کوردستان نەگرێتەبەر، دژەهێژمۆنیی نەتەوەیی لە دژی داگیرکەردا ساز نابێت. هەر بۆیە لەم وتارەدا تیشک دەخەمە سەر  خەسارناسیی پەروەردە و شیکاریی سیستەمی پەروەردەی نەتەوەیی و بنەما و ئامرازەکانی.

#گۆڤاری_تیشک
#ژمارەی_٥٥
#شیکاری
#پەروەردەی_نەتەوەیی
#پەروەردەی_خێڵەکی_لە_هەمبەر_سیستەمی_پەروەردەی_داگیرکەردا

Web | Instagram | Telegram | Facebook | Twitter

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم بابەتە کلیک بکەن.

👇👇👇👇

https://t.me/MizanKurdi
🔵خوێندەواری نزم و زانیاری ناتەواو.

جارێک دوو شەکەنێر، بڕیاریاندا سەردانی ناوچەی گورگاوا بکەن. بەیانی زوو پێش مەلابانگدان کەوڵ و پێستەی گورگیان لەبەر کرد و بەرەو ئەو دەڤەرە وەڕێ کەوتن... تازە خۆر لە بەندەنی وڵاتەوە گزینگی دابوو کە گەیشتنە گورگاوا.
خواڕاسان ئەو ڕۆژە، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی گورگە بۆری مەزن بوو. بۆیە لە تەواوی شار ئاهەنگی شایی و سەمای گورگانە بەڕێوە دەچوو. دێڵەگورگەکان بە سەرپەنجە، لەنجەیان دەکرد، حەچولورەی تووتکە گورگەکان شەقام و کۆڵانی پڕ کردبوو. تەنانەت گەڕەگورگانی پیریش کە مایەی گاڵتەجاری سەگان بوون، هاتبوونە نێو کۆڕی شایی.
یەکێک لە شەکەنێرەکان بە هاوڕێیەکەی دیکەی گوت: دەی خۆ ئەم بەزم و ڕەزمەی ئەمانە هەر وەکوو ڕێوڕەسمی گەماڵگیزانی لای خۆمانە. هەروەها ئەگەر ئەمانە دەلوورێنن، ئێمەش دەباڕێنین. دەنا جیاوازیی وایان لەگەڵ پەز و بەران و دیکەی ئاژەڵان نییە.
ئەوڕۆژەیان تا لای ئێوارە، بە خۆبادان لە نێو زرمەزلێ گورگەکان بەسەرچوو. پاش گەڕانەوە بۆ مەڕەدێ، لای قوم و کانیاوی کانیمەڕان، بەڵێنیان دا کتێبێک بنووسن لەژێر ناوی: سەفەرێک بەرەو وڵاتی گورگەکان.

لەو کتێبەدا هاتبوو کە گورگەکان وەکوو ئێمەمانان، هەر لە بەیانی تا ئێوارە بۆ خۆیان هەڵبەز و دابەزیانە و ئازاریان بۆ کەس نییە و لە چاویانا بەزەیی دیارە. گەڵێک بەرخ و کار و کاوڕی بەستەزمانیش بە خوێندنی ئەو کتێبە، لەوە بەدواوە گوێیان بە شوان و بەرخەلەوان نەدەدا و دەچوونە نێو شیو و دۆڵان و دەبوون  بە لالەوڕ. جەماوەری گەلە گورگ کە زانیان مەترسی گۆچانی شوان و وەڕەی گەماڵی ئاوایی لە سەریان نەماوە، ڕۆژێک دایان بە سەریانا و سکی زۆرێک لەوانەیان هەڵدڕی.

جیمز تاربێر ۱۹۳۹/(حسین یعقوبی)

بەڕیزان؛ دیارە نووسەری مەزنی ئەمریکی، جیمز تاربێر زۆر بە باشی هەستی بەوە کردووە کە کاڵفامی نووسەران و وێژەرانێک، کە نە کەلتوور و فەرهەنگی خەڵکەکەی خۆیان بە باشی دەناسن و نە لە ڕاستی دنیای دەرەوەش تێدەگەن، زۆر لاوی سادە و ساکار بە لاڕێدا دەبەن. هەروەها زۆرێک لە خەڵک، ئەگەر شتێک لە چاپ بدرێ، زوو بڕوای پێ دەکەن. لە حاڵێکدا ڕەنگە ئەو بابەتە هەڵە بێت. نابێ هیج شتێک بەبێ تاقیکردنەوە یان لانیکەم بەبێ بیرکردنەوە وەر بگیردرێت.
ڕەنگە بڵێن ئەو نووسەرە مەبەستی تەنیا کەسانێکە کە کۆڵکەسەوادێکیان هەیە، نەک ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان پێیە.  بەداخەوە خوێندەواری باڵاشمان هەر جێی مەترسین، بەڵام بە شێوازێکی دیکە. هەر ئەوەندە کە کتێبێک سەبارەت بە ئێمە بە زمانێکی بیانی نووسرابێت یان ناوی نووسرێکی بێگانەی پێوە دیاربێت، وا دەزانین لە ئاسمانڕا هاتووە و دەستی ئێمە کەوتووە. بۆ وێنە ساڵی ۱۳۱٦ ڕەزاشا پێنج هەزار تمەنی داوە بە مینورێسکی کە کتێبیک سەبارەت بە مێژووی کورد بنووسێت بەڵام بەو جۆرەی کە پالەوی پێی خۆش بێت. ئێستاش ناودارانی ئێمە هەر دەڵێن: مینورێسکی وای فەرموو. (ئەڵبەت وڵات له خۆڕا کاول نابێت. دوو ناوداری خۆمانیش لە خزمەتیا؛ ببوون بە پواز، بۆ قەڵەشینی داری مێژووی کوردی هەژار).یان یەکێکی وەکوو دیاکونوف ساڵانی ئاخری تەمەنی فەرمووی: سەردەمی ستالین بە ناچاری زۆر شتیان سەبارەت بە گەلانی دیکە دەنووسی تەنیا لەبەر ئەوەی تووشی تووڕەیی ستالین و پاشان سەرما و سۆڵەی سیبیری نەبن.
لەم ساڵانەی دواییشدا کە ئینترنێت بە تەواوی تەکی بە کتێب هەڵچنیوە و  جێی کتێبی لە لامان گرتووە، خەڵک هەر دەڵێن فڵانە باسم له تێلگرامدا خوێندووە، یان فیسارە بابەتم لە ئینستاگرامدا بینیوە. بەبێ ئەوەی بیری لێ بکەنەوە، بۆ خەلکانی دووپات دەکەنەوە.
دیارە ئینترنێت وەکوو هەر شتێکی پێشکەوتووی دیکە، زۆر، زۆر بە نرخ و پێویستە. بەڵام شێوازی مامەڵەی ئێمەش لە گەڵیا گەلێک گرینگە. بۆیە ئێمە دەبێ زۆر وریای گورگ و کەمتیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بین.


عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۱۱/۰۳


👇👇👇👇

https://t.me/MizanKurdi
* داروبەردی هۆدەکوم هەر زیکری یا کوردان ئەکا*

قانع وەکوو یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانە تەنویر و لە ڕۆشنبیرانی بەرەی یەکەمی کورد کە دوابەدوای حاجی قادری کۆیی پێ دەنێتە ناو مێژووی فیکری کوردییە، بە باشی لە گرینگایەتی ئایدیای نەتەوە و ناسیۆنالیزم و تا ئاستێک سۆسیالیزمیش تێگەیشتووە. هەر بۆیە کاتێک لە سەردەمی مۆدێرندا نەتەوە( nation) تا ئاستێک جێگە و پێگەی دین دەگرێتەوە، قانعیش گرینگایەتی ئەو ئایدیا مۆدێرنە دەنوێنێتەوە. ئەگەر لە دونیای پێش لە مۆدێرن هەموو شتێک " بە ناوی خوا: in the name of God" بوو ئەوە لە سەردەمی مۆدێرندا دەگۆڕێت بۆ " بە ناوی نەتەوە: in the name of  the nation"( وەک sanjib barouhباسێ دەکات). قانع لە شێعری " شیوەن" وەتەن دەکات بە بەردەنگی خۆی و ئەویترسازی دەکات :
"با بزانن یەک بە یەک ئەفغان و تورک و فارس و ڕۆم/ کۆهکەندی بیستوونی فیرقەتی شیرینی تۆم".
پاشان کە خۆی بە بەڵاگەردانی وەتەن دەناسێنێت:
"گەر لە دونیا تاقەتی ئەحزانی تۆی بێ هەر منم" و وەتەن لە فیردەوسی ئەعلا بە باڵاتر دەبینێت.
ئینجا دێتە سەرباسی ئەوەی چۆن فیکری و عەشقی نەتەوە داگیری کردووە و بە جۆرێک بووە بە دین و دونیای:
گەر دەمیشم هەڵدروون دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا/ ... دارووبەردی هۆدەکەم هەر زیکری یا کوردان ئەکا / عەشقی میللیەت لە دڵما هێرش و جەولان ئەکا/ ئەی وەتەن بۆ تۆ بفەوتێم قۆچەکەی قوربانتتم...
زیکری یا کوردان بە جێگەی زیکری دینی سکۆلاریزەکردن و مۆدێرنکردنەوەی ژینجیهانی دینی پێشان دەدات. 
بە کورتی ئاوایە کە قانع ئەو شاعیرە نوێخوازە هەژارنەوازە، جیا لەوەی بە باشی ئایدیای بێدەوڵەتی و بێدەسەڵاتی کوردانی ناسیوە، بیری نەتەوەیی دەخەمڵێنێت و پەرەی پێدەدا...

حیسام[هیوا]خاکپوور

https://t.me/MizanKurdi
🌐نیشانەكانی كوردبوون لە نێوان داهێنان و لاسایی كردنەوەدا....

🔹بەشی 1

ئەوەی كە لە ناو كوردا و لەڕێگەی كوردەوە بەرهەم هێنراوە و لە ڕێگەی نیشانەكانی كوردبوونەوە كوردیەتیەكەی دیاریدەكرێت، بە پرۆسەی داهێنان هاتووەتە ئاراوە، نەك بە پرۆسەی لاسایی كردنەوەی بەرهەمەكانی ڕوحە نەتەوەییەكانی تر. هەموو داهێنانێكی كلتوری و زمانی و ئاكاری گەڕانەوەیەكی قوڵی داهێنەرەكەی دەوێت بۆ ڕوحی خۆی، هەموو داهێنانێكیش مەحكومە بە فۆرمێكی تایبەت كە سروشتی كوردیانەی ئەو داهێنەرە دەیدات بە داهێنانەكەی، بیرۆكەكانی داهێنانەكە بیرۆكەی عەقڵی و جیهانین، شێوەگرتنەكەیان سەرچاوە لە سروشتی ئەو تاكەوە دەگرێت كە لەگەل تاكە نەتەوەییەكانی تردا هاوبەشە. ئەمەش وادەكات ئەو داهێنانە لەگەڵ خۆیدا ئەو نیشانانەش هەڵگرێت كە مۆركی ئەو ڕوحە نەتەوەییەیان هەڵگرتووە. كاتێك كەسانێك لە ناو نەتەوەیەكدا لە بری ئەوی بگەڕینەوە بۆ خودی خۆیان، دەگەڕێنەوە بۆ ئەو داهێنانەی كە لەلایەن ڕوحە نەتەوەییەكانی ترەوە داهێنراون و ئەمە وەك نەریتێك وەردەگرن و تەقلیدی دەكەنەوە، كارەكەیان كارێكی داهێنەرانە نییە و هەڵگری ئەو مۆركە نەتەوەییەش نییە كە لە داهێنانەكانی ڕوحی ئەو نەتەوەیەدا هەیە. ڕوحی نەتەوەیی چالاك هەموو ئەوەی كە بەرهەمی ڕوحی نەتەوەیی نەتەوەكانی ترە یان لەگەڵیدا دەكەوێتە ناوگفتوگۆوە، یان دەیكاتەوە بە كەرەستە لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی شێوەكەیەوە و بەكاری دەهێنێت لە داهێنانەكەی خۆیدا. هەر ئەمەش وادەكات بۆ نموونە كۆمەڵناسی ئەڵمانی جیاوازبێت لە كۆمەڵناسی ئەمریكی و فەرنسی، ئەدەبیاتی فەرنسی جیاواز بێت لە ئەدەبیاتی ئەڵمانی و فەرەنسی. هەر ئەمەیە وادەكات بیركردنەوەی فەلسەفی ئەمریكیەكان پراگماتیكی بێت و بیركردنەوەی فەلسەفی ئەڵمانەكان عەقڵانی بێت و بیركردنەوەی فەلسەفی فەرەنسیەكان كۆمەڵایەتی بێت. ئەمەیە وادەكات لە ناو ڕۆژئاوادا ترادیسیۆنە جیاوازەكان تەنانەت لە زانستەكانیشدا هەبن. ئەوە سەرەڕای ئەو كاریگەریانەش كە لەسەر یەكتری هەیانە.


عرفان مستەفا/ کوردناس و توێژەری فەلسەفە.

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🌐هیچ ئاینێك گەردوونی نییە، هەر لەبەر ئەمەشە لەجیهاندا ئەو هەموو ئاینە جیاوازە هەیە و یەك ئایین نییە.

🔹بەشی2

بەڵام هەر ئاینێك گوزراشتێكە لەوەی كە گەردوونییە لە فۆرمێكی زمانیی دیاریكراودا كە زمانی میللەتێكە. هیچ زمانێكیش جیهانی نییە. هەر زمانێك زمانی نەتەوەیەكە و لەسروشتی ئەو نەتەوەیەوە ئەو شێوەیەی وەرگرتووە. ئاینەكان كە دەچنە ناو نەتەوەكانەوە، ئەوەی لە ئاینەكاندا گەردوونیە ئەو نەتەواونە بەپێی سروشتەكەی خۆیان  لۆكاڵی دەكەنەوە. هەر لێرەشەوەیە كە مەزهەبە جیاوازەكان و ئەو هەموو ڕوانگە جیاوازانە لە ئاینێك جیادەبنەوە. كوردیش وەك هەر میللەتێكی تر بە پێی لێكدانەوەی خۆی و شێوازی گوزراشت كردنی خۆی لەوەی كە لەو ئاینەدا گەردوونییە گوزارشتی لەوە كردۆتەوە كە گەردوونیە. بۆیە لێكدانەوەی كوردی بۆ دەقە ئاینییەكان لێكدانەوەیەكی كوردیە و جیایە لە لێكدانەوەیەكی عەرەبی یان پاكستانی یان فارسی یان توركی.

عرفان مستەفا/کوردناس و توێژەری فەلسەفە

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵کوردبوون لە جیهاندا

فانۆن لە کتێبی "پێستی ڕەش دەمامکی سپی"باس لە قەیرانی ئینسانی ئەفریقایی دەکا ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەش‌پێستەکان لە بۆغزیانەوە لە زاتی خۆیان کە گوم بوون لە ناو دونیای مەعریفی و سایکۆلۆژی داگیرکەر ئیتر تا ئەو ئاستە لە خۆبەکەمزانین دا ئەبەزن و سەرقاڵی ئەوەن کە ببنە سپی."بۆ ڕەش پێست تەنیا یەک چارەنووس هەیە ئەویش سپی بوونە".فانۆن باس لە سەرکەوتنی ئەو کەڵکەڵەیە دەکا کە لە ناخی ڕەش پێستەکاندا چێندراوە"سپی بوون نیشانەی گەورەبوون و مەزەن بوونە".هەموو شتێکی پیاوی سپی مەزنە،شێوازی خواردنی،جل‌وبەرگی،قسەکردنی،سیاسەتی،بیرکردنەوەی،سێکسی،چوونە سەر ئاودەستی،هەموو شتێکی ڕەش مایەی شەرمەزاریە.

ئەم بێزهاتنەوە لە خۆ و دنیای خۆ بە پلەیەک دەگا کە ئینکاری ئینتمای نەتەوەیی و ئایینی[لێرە مەبەست ئەو جۆرە لە ئایین نییە کە سەرقاڵ سروت و عیبادەتە ڕۆکەشیانە بێت و بەشێوەی توندئاژۆی گوتاری و کرداری هەڵ ئەکوتێتە سەر کۆمەڵگا بەڵکوو ئەو لایەنە ڕۆحی و مەعنەویە بۆ پڕکردنەوەی بەشی وجوودی مرۆڤ]خۆی دەکات و دەگاتە ئەو ئاستەی کە بڵێ(حەزم دەکرد کورد نەبوومایە)چی بکەم بە کورد خەلق بووم؟

زیادەڕۆیی لەم دیاردەدا بە مەرگی هەموو بەهایەکی ئینسانی کۆتایی دێت.کەسی داگیرکراو ڕزگاریەک لە وەزعی خۆیدا نابینێتەوە جگە لە هاوشێوەکردنی خۆی لەگەڵ کەسی داگیرکەر و دنیای ئەوانی دیکەدا و ئینکارکردنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ئینتمای خۆی.هێزە داگیرکەرەکانیش لەم مامەڵەکردنەدا زەویێکی پتەو دەبیننەوە بۆ زیاتر چاندنی تووی خۆبەکەمزانین و لە خۆدان و خۆبەهیچ زانینی کەسی داگیرکراودا.کەسی داگیرکراو لەم حاڵەتەدا لە نامۆبوونێکی ترسناکدا دەژی،لە دژایەتیکردنی ماڵی خۆ و خۆهاوشێوەکردن لەگەڵ هێزی داگیرکەردا.کەسی داگیرکراو موبتەلایە بە نەخۆشی(خۆشەویستی خۆ نیشاندان)نامۆبوونێکی تێدایە لە هەر شتێک کە موڵکی خۆ و سەربەماڵی خۆی بووە.

دوژمنانی کورد بە درێژایی مێژوویەکی دوور و درێژ بەرمەبنای بەرنامەیەکی داڕێژراوە لە سەر خولقاندنی ئەم زەینە،کە زەینی کەسێکی داگیرکراوە،لە نێو کوردا کاریان کردووە لەو ڕاستیەوە کە زەینێکی لەم جۆرە هەرگیز ناتوانێ بە تەنگ ماڵی خۆیەوە بێت و ماڵی خۆی بۆ ڕێک ناخرێ.

خەباتی گەورەش لە لایەکەوە لە هەڵوەشاندنەوەی هەمووی ئەم داگیرکاریەی زەینی تاکی کوردە بە مەبەستی پاککردنەوە تا بتوانین هەم ماڵی کوردی وەکوو ئەوی کە هەیە لەو دیو وەهمەکانەوە ببینین و هەم بە ویژدانیشەوە ڕاستگۆیانە لەگەڵ ناهەمواریەکانماندا مامەڵە بکەین.خەباتی ڕاستەقینە کار کردنە بۆ لە دایک بوونی ویژدانێکی تەندرووست.

فارۆق ڕەفێق

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran