میزان - کـوردستان
1.7K subscribers
199 photos
163 videos
68 files
880 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🟩 دەروونی هاڕیاوی کورد.

"فرانتس فانۆن" گەورە شۆرشڤانی وڵاتی فەرانسە، کاتێک لە پاریس هەوڵ و تێکۆشانی دژ بە داگیرکاریی وڵاتەکەی لە خاکی ئەلجەزایر بێ ئاکام مایەوە، خۆی گەیاندە ئەلجەزایر. لەو سەردەمەدا فەرانسە، ئەلجەزایری بە بەشێک لە خاکی خۆی ئەزانی و بە هیچ شێوازێک ڕازی بە سەربەخۆیی ئەوان نەبوو. بۆیە فانون پەیوەست بوو بە بزاڤی سەربەخۆییخوازیی ئەوانەوە. ساڵێک پێش ڕزگاربوونی نیشتمانە هەڵبژاردەکەی، کەوتە سەر مینێکی چێنداراو. ئێستاش گۆڕی پیرۆزی لە گۆرستانی شەهیدانی شۆرشی ئەلجەزایر، قیبلەگای لایەنگرانی ئازادی و مرۆڤایەتیە. فرانتس فانۆن چوونکە خۆی دکتۆرای دەروونناسیی هەبوو، بە ڕوانینێکی قووڵ چووەتە ناخی ئینسانی ڕەش پێستەوە. توێژینەوەکانی بە باشی لایەنەکانی دەروونی هاڕیاوی مرۆڤی ڕەش دەرئەخات. گەلانی چەوساوە لە هەموو دونیادا خاڵی هاوبەشیان زۆرە، بۆیە بڕێ جار وا ئەزانی باسی چارەڕەشیی کورد ئەکات. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەمیشە خاوندەسەڵاتان هەوڵیان داوە  کە چەوساوەکان لە ئاستێکی نزم و کۆن و دور لە شارستانیەتی سەردەم نیشان بدەن. وەکوو بنەماڵەی پالەوی کە هیچ کاتێک نەیان وتووە گەل یان نەتەوەی کورد. هەمو کاتێ وتویانە "عشایر کرد". واتە کورد هێشتا بیری ئاغا و نۆکەریی لە مێشکە. دیارە کێ خۆی بە ئاغا ئەزانێ و خەڵکیش بە نۆکەر.(ئەگەرچی تەواوی عەشیرە کوردەکان کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی ڕەزاشاوە). فانون باسی خاوەنئیمانی ڕەشپێست ئەکات کە لە دەروونەوە بەبێ ئەوەی کە خۆی بزانێ، پێی وایە سپی پێست لە خودا نزیکترە. لە ناو کورددا زۆرکەسی ناودارمان هەیە کە هەروا بیر ئەکاتەوە. ڕەسەنایەتیی چەوساوەکان بە شێوازی سیستماتیک لە گۆڕ نراوە. هەر لە ڕۆژی یەکەمی قوتابخانە، منداڵ فێر ئەبێ بە چاوی سوک بۆ زمانی دایکی خۆی بڕوانێ. شێوازی قسەکردنی مرۆڤی سەردەست لە گەڵ ئینسانی بندەست هاو تەراز نیە. بەڵکوو وەکوو قسەکردنی گەورەیەک لە گەل منداڵێک وایە. هەر چەندە چەوساوەکە بە ساڵاچویش بێت. کاتێک کابرایەکی بیانی بە زمانی ڕەسمیی وڵاتەکە قسە ئەکات ئەڵین وەڵا زۆر باشی ئەزانێ، تەنیا تۆزێک لەهجەی هەیە.بەڵام کاتێک کوردێک بە لەهجەوە قسە بکا ئەبێتە بەزمی گاڵتەو پێکەنین ،تەنانەت لە لایەن کوردی خۆیشمانەوە. گەلی چەوساوە هەموو جارێ نکۆڵی لە بوونی ئەکرێت، بۆیە لە دڵسۆزی بەبێ بەڵگە، مێژوی زۆر  کۆن بۆ خۆی درووست ئەکات و ئەچێتەوە چل پەنجا هەزارساڵ پێش ئێستا. هەموو کاتێ چەوساوەیان بێ دەنگ ئەوێ. مرۆڤی ژێردەست هەمیشە چاوەڕوانی قبووڵکردنیەتی لە باڵا دەستەوە. وەکوو کوردی خۆمان تا فڵان ژەنیاری فارس نەڵێ عەلیمەردان مۆسیقای باش ناسیوە خۆمان بڕوا ناکەین.
فانۆن زۆر زانایانە باس لەو کچە ڕەشپێستە ئەکات کە بە خەیال مێرد بە کوڕی سپی پێست ئەکات. ئێستا کچی وامان هەیە لە کوردستان کە ئاواتیان هاوسەرگیری لە گەڵ کوڕە تارانیەو هەروەها کوڕی کوردیش  چاوی له کچە تارانیە. تەنیا پێوەریان نەک ئەخلاق، بەڵکوو  تارانی بوونە. لە سینەما و زنجیرەدراماکان هەموو کاتێ چەوساوەکان گێل و نەخوێندەوار و نەزان و فریو خواردوو پیشان ئەدرێن.
بەردەنگی فانۆن خاوندەسەڵاتی خۆبەزلزان نیە. هاواری بۆ دەروونی کاولی چەوساوەکەیە کە خۆی بە نزم دێتە پێش چاو. کاتێ ناوی شار و دێ و دەر و دۆڵی وڵات گۆراوەتە سەر زمانی بێگانە، هەژارەکە لە ماڵی خۆی هەست بە غەریبی ئەکا و ئەویش خۆی بەخاون ماڵ ئەزانێت.
کاتێک هەموو ڕەییس و روئەسا بێگانەن ،چەوساوەکە هەمو بێگانەیەک بە خاوەندەسەڵات و ڕەییس ئەبینێت.
لەم سەردەمەدا ئیتر گەلی هەژار چێژ لە کەلتوور و هونەری خۆی وەرناگرێت،(لە هەولێر قۆرترین لۆتی تورک لە هونەرمەندی کورد ڕێزی زۆرترە). فانۆنی فەیلەسووف هاواری ئەکرد هەژارانی عاڵەم ؛ئێمە تەنیا بۆ سەیری دنیا نەهاتوین ،بۆ گۆڕانی دنیا هاتووین.کەچی ئێوە، ئێوەی پێشێل کراو تەنانەت دنیاش نەک بەو جۆرە ئەیبینن کە هەیە، بەڵکو بەو چەشنەی کە پێتان ئەڵێن دێتە پێش چاوتان و، زۆۆۆر هاواری تر......
هەڵبەت جیاوزییشمان هەیە، ڕەشپێستەکە بیشیەوێ نابێ بە سپی، کەچی ئێمە دو قۆناغمان لە بەرە: ۱) بێ باوەڕی بە خۆمان، ۲)توانەوەی یەکجاری.
هیوادارم کورد هەم گەورەپیاوانی خۆی و هەم پیاوانی وەکو فرانتس فانۆن باشتر بناسێت و لە وتاریان تێ بگا.

  #عیسا_ئەحمەدی_سنە
ڕەزبەری ۱٤۰۱ی کۆچی هەتاوی



👇👇👇👇👇


T.me/Mizankurdi


🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵 تێگەیشتن لە مانای نیشتمان.

نووسەری پایەبەرزی وڵاتی ڕووسیا؛ ئانتوان چێخۆف، لە شاکارە مەزنەکەی "باخی بڵاڵووک"دا ئاوەهای دەگێڕێتەوە:
باخێک کە لە شوێن چەندین بەرەوە بە میرات ماوە، ئێستا میراتگرانی لە بارمتەی بانکیان داناوە. پارەکەشیان خواردوە و هیچی لێ بەجێ نەماوە. بۆیە بانک ماوەیێکی دیاری کردووە بۆ گەڕانەوەی پارەکە، یان هەراج کردنی باخەکە. ئەو شانۆنامە باسی وتووێژی  نێوان میراتگران دەکات لەو ماوەیەدا.
خوشکیان ڕۆڵی کەسێکی ئیماندار دەگێڕێ و بەردەوام دەڵێ: ئەوە ئاکامی سووچ وگوناحمانە، بۆیە خودا ئەو ڕۆژڕەشیەی لە چارەمان نووسیوە. بەرانبەر بە ویستی خودا هیچ دەسەڵاتێکمان نیە. بەڵام لە ڕاستیدا نایەوێ خۆی تووشی سەرئێشە بکات و بەش بە حاڵی خۆی بەرپرسایەتی ئەو باروودۆخە کە بەرهەمیان هێناوە بگرێتە ئەستۆ. براکەشیان دەڵێ: ناوی ئەو باخەمان لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە. سەردەمی زوو ئەم باخە مەکۆی گەورەپیاوان بووە. ئەو دەم چەندین کرێکار بەرهەمی جۆراوجۆڕیان لێ بەدەست هێناوە و داهاتی زۆر بووە. بەڵام کاتێ لێی دەپرسن شێوازی ساز کردنی ئەو بەرهەمانە چۆن بووە؟ هیچی لێ نازانێ، چوونکا خۆی قد لە ژیانیدا کاری نەکردووە. ڕووناکبیریشیان هەیە، بە جوانی باسی داهاتووی ڕوون دەکات، هیوای بە دواڕۆژێکی باشترە کە هەموو شتەکان لە سەر حەز و مەیلی ئەوان دەبن. بەڵام لە سەر کێشەی ئەوڕۆیان بێدەنگە و نقی لێوە نایەت.

هەر لە ڕۆژی ئەوەڵ، لاوێک کە باوک و باپیری کرێکاری ئەو باخە بوون، دەچێتە لایان. بڕێ خوێندەواری هەیە. هەر لە منداڵییەوە ملی لە کاسبی ناوە. بە هۆی تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگا دنیای دەورووبەری باش دەناسێ. ئێستا ئەو بەرانبەر بەو باخە دڵسۆزە و زۆر شتیان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەو پیان دەڵێ: دنیا گۆڕاوە، ئەم باخەی ئێوە لە نزیکی شارە، جادە و هێڵی شەمەندەفەر بەلایدا تێدەپەڕێ. دیمەنی ڕوو لە ڕووبارە. باشترین شوێنە بۆ گەشتیاری. ئەگەر بیکەن بە سەیرانگا، زۆر ماڵە دەوڵەمەندی شاری دێن و بەرهەمی باخەکەش هەر لێرە پیان دەفرۆشن. هەم کێشەکان چارەسەر دەبن و هەم کاریشتان بۆ دابین دەبێ. چەن جار سەر لە بەر، هەنگاو بە هەنگاو، ڕێگایان پیشان دەدات. دەڵێ: ئەگەر باخەکەتان بپارێزن، ڕابردوو و داهاتووشتان پارێزراوە. کەچی تەنیا کاری ئەوان بە ڕۆژ خەوە و بە شەو قسەی زل. هەر چاوەڕوانی پووریانن کە لە هەندەران دەژی، بەڵکوو پارەیان بۆ بنێرێت و رزگاریان بکات.

ئەو ڕۆژەی کە بانک باخەکەیان دەخاتە مەزاد، کوڕە باخەوانەکەش دەچێتە ڕیزی کڕیاران و بە بانترین نرخ دەیکڕێ و پێیان دەڵێ: ئەوەی کە ئێوە نەتانکرد من بۆ خۆم دەیکەم. ئێمانم بە ڕەنج و کار هەیە، ئەو خاکەو ڕەنجی ڕابردووانی لە لام پیرۆزە. ئەگەر ئێوە تەنیا باسی خۆشی ڕابردوو ئەکەن و وەکوو تابڵۆی جوان بۆی دەڕوانن، من بە زستانان بە پێخواسی پێیدا گەڕاوم. داهاتووی ڕوون لە سایەی تێکۆشانی ئەمڕۆدایە، دەنا کەس بە خەیاڵ نەبووە بە ماڵ.

نیشتمان لە نووسراوەکانی چێخۆفدا باخێکی زۆر جوانە، کە پاراستنی ئەرکی هەموو میراتگرانیەتی. بەڵام ئەوانەی کە زۆربەی داهاتی ئەو باخەیان بەردەکەوێ و دەبێ زۆرتر بیپارێزن، بەداخەوە خۆیان تووشی زەحمەت ناکەن و بە هاسانی بە جێی دێڵن. چێخۆف ڕەخنە لەو ئیماندارەی دەگرێ کە نیشتمانی بۆ گرنگ نیە و خۆی بە بەرپرس نازانێ. دەڵێ: ئاخری ئیمان و نیشتیمانیشت، هەردووی دەدۆڕێنی( سەرەنجام خوشکیان لە گەڵ کابرایێکی بێ ئەخلاق دەچێ بۆ پاریس). دەڵێ: جەنابی ڕووناکبیر، تۆ چۆن داهاتووی ڕوونی ئێمە دەبینی، بەڵام قوڕبەسەریی ئەمڕۆکەمان نابینی و خۆتی لێ گێل دەکەی؟ ڕووناکبیر مۆمێکە بۆ ڕووناکی، چۆن بوویی بە هاوسفرەی مفتەخۆران؟ ئەوانەی کە هەر حەسرەتی ڕابردوویانە و هەنووکە بۆیان گرنگ نیە؟ ئەگەر باش لێیان ورد ببنەوە تێدەگەن کە ڕابردووش باش ناناسن. ئەگەر ئەو نیشتمانە بە میراتی باوک و دایکت دەزانی، بۆ نایپارێزی بۆ بەرەی دوایی؟

سەرەڕای هەموو ئەو دەردانە، چێخۆف هەر گەشبینە. ئەو دەڵێ: ئەو باخە قارەمانی خۆی لە نێو دڵی خۆیدا بەرهەم دەهێنێ. کوڕی باخەوانی ڕابردوو، کوڕی هەر ئەوانەی کە باخ بە تێکۆشانی ئەوان ئاوەدان بووە. چێخۆف دەزانێ، ئەرکی باخەوان بڕینی دارە پیرەکان و ناشتنی نەمامی تازەیە، دەبێ بیری بێ سەمەر ببڕین و بیری تازە بەرهەم بێنین تا نیشتمان لە گەشەدا بێ. لە لای چێخۆف بیری نیشتمانپەروەری زۆر بەرزترە لە هەستێکی عەوامانە. واتە: ناسینی قووڵی بنەماکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئەدەبی و هونەری. هاوکات کار و ڕەنج و بەرپرسایەتی لە پێناوی ئاوەدانی و پێشکەوتن؛ ئەوکات دەتوانین هیوامان بە دواڕۆژ هەبێ.

#عیسا_ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۴/۲۷



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran