میزان - کـوردستان
1.7K subscribers
199 photos
163 videos
68 files
880 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🟩 دەروونی هاڕیاوی کورد.

"فرانتس فانۆن" گەورە شۆرشڤانی وڵاتی فەرانسە، کاتێک لە پاریس هەوڵ و تێکۆشانی دژ بە داگیرکاریی وڵاتەکەی لە خاکی ئەلجەزایر بێ ئاکام مایەوە، خۆی گەیاندە ئەلجەزایر. لەو سەردەمەدا فەرانسە، ئەلجەزایری بە بەشێک لە خاکی خۆی ئەزانی و بە هیچ شێوازێک ڕازی بە سەربەخۆیی ئەوان نەبوو. بۆیە فانون پەیوەست بوو بە بزاڤی سەربەخۆییخوازیی ئەوانەوە. ساڵێک پێش ڕزگاربوونی نیشتمانە هەڵبژاردەکەی، کەوتە سەر مینێکی چێنداراو. ئێستاش گۆڕی پیرۆزی لە گۆرستانی شەهیدانی شۆرشی ئەلجەزایر، قیبلەگای لایەنگرانی ئازادی و مرۆڤایەتیە. فرانتس فانۆن چوونکە خۆی دکتۆرای دەروونناسیی هەبوو، بە ڕوانینێکی قووڵ چووەتە ناخی ئینسانی ڕەش پێستەوە. توێژینەوەکانی بە باشی لایەنەکانی دەروونی هاڕیاوی مرۆڤی ڕەش دەرئەخات. گەلانی چەوساوە لە هەموو دونیادا خاڵی هاوبەشیان زۆرە، بۆیە بڕێ جار وا ئەزانی باسی چارەڕەشیی کورد ئەکات. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەمیشە خاوندەسەڵاتان هەوڵیان داوە  کە چەوساوەکان لە ئاستێکی نزم و کۆن و دور لە شارستانیەتی سەردەم نیشان بدەن. وەکوو بنەماڵەی پالەوی کە هیچ کاتێک نەیان وتووە گەل یان نەتەوەی کورد. هەمو کاتێ وتویانە "عشایر کرد". واتە کورد هێشتا بیری ئاغا و نۆکەریی لە مێشکە. دیارە کێ خۆی بە ئاغا ئەزانێ و خەڵکیش بە نۆکەر.(ئەگەرچی تەواوی عەشیرە کوردەکان کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی ڕەزاشاوە). فانون باسی خاوەنئیمانی ڕەشپێست ئەکات کە لە دەروونەوە بەبێ ئەوەی کە خۆی بزانێ، پێی وایە سپی پێست لە خودا نزیکترە. لە ناو کورددا زۆرکەسی ناودارمان هەیە کە هەروا بیر ئەکاتەوە. ڕەسەنایەتیی چەوساوەکان بە شێوازی سیستماتیک لە گۆڕ نراوە. هەر لە ڕۆژی یەکەمی قوتابخانە، منداڵ فێر ئەبێ بە چاوی سوک بۆ زمانی دایکی خۆی بڕوانێ. شێوازی قسەکردنی مرۆڤی سەردەست لە گەڵ ئینسانی بندەست هاو تەراز نیە. بەڵکوو وەکوو قسەکردنی گەورەیەک لە گەل منداڵێک وایە. هەر چەندە چەوساوەکە بە ساڵاچویش بێت. کاتێک کابرایەکی بیانی بە زمانی ڕەسمیی وڵاتەکە قسە ئەکات ئەڵین وەڵا زۆر باشی ئەزانێ، تەنیا تۆزێک لەهجەی هەیە.بەڵام کاتێک کوردێک بە لەهجەوە قسە بکا ئەبێتە بەزمی گاڵتەو پێکەنین ،تەنانەت لە لایەن کوردی خۆیشمانەوە. گەلی چەوساوە هەموو جارێ نکۆڵی لە بوونی ئەکرێت، بۆیە لە دڵسۆزی بەبێ بەڵگە، مێژوی زۆر  کۆن بۆ خۆی درووست ئەکات و ئەچێتەوە چل پەنجا هەزارساڵ پێش ئێستا. هەموو کاتێ چەوساوەیان بێ دەنگ ئەوێ. مرۆڤی ژێردەست هەمیشە چاوەڕوانی قبووڵکردنیەتی لە باڵا دەستەوە. وەکوو کوردی خۆمان تا فڵان ژەنیاری فارس نەڵێ عەلیمەردان مۆسیقای باش ناسیوە خۆمان بڕوا ناکەین.
فانۆن زۆر زانایانە باس لەو کچە ڕەشپێستە ئەکات کە بە خەیال مێرد بە کوڕی سپی پێست ئەکات. ئێستا کچی وامان هەیە لە کوردستان کە ئاواتیان هاوسەرگیری لە گەڵ کوڕە تارانیەو هەروەها کوڕی کوردیش  چاوی له کچە تارانیە. تەنیا پێوەریان نەک ئەخلاق، بەڵکوو  تارانی بوونە. لە سینەما و زنجیرەدراماکان هەموو کاتێ چەوساوەکان گێل و نەخوێندەوار و نەزان و فریو خواردوو پیشان ئەدرێن.
بەردەنگی فانۆن خاوندەسەڵاتی خۆبەزلزان نیە. هاواری بۆ دەروونی کاولی چەوساوەکەیە کە خۆی بە نزم دێتە پێش چاو. کاتێ ناوی شار و دێ و دەر و دۆڵی وڵات گۆراوەتە سەر زمانی بێگانە، هەژارەکە لە ماڵی خۆی هەست بە غەریبی ئەکا و ئەویش خۆی بەخاون ماڵ ئەزانێت.
کاتێک هەموو ڕەییس و روئەسا بێگانەن ،چەوساوەکە هەمو بێگانەیەک بە خاوەندەسەڵات و ڕەییس ئەبینێت.
لەم سەردەمەدا ئیتر گەلی هەژار چێژ لە کەلتوور و هونەری خۆی وەرناگرێت،(لە هەولێر قۆرترین لۆتی تورک لە هونەرمەندی کورد ڕێزی زۆرترە). فانۆنی فەیلەسووف هاواری ئەکرد هەژارانی عاڵەم ؛ئێمە تەنیا بۆ سەیری دنیا نەهاتوین ،بۆ گۆڕانی دنیا هاتووین.کەچی ئێوە، ئێوەی پێشێل کراو تەنانەت دنیاش نەک بەو جۆرە ئەیبینن کە هەیە، بەڵکو بەو چەشنەی کە پێتان ئەڵێن دێتە پێش چاوتان و، زۆۆۆر هاواری تر......
هەڵبەت جیاوزییشمان هەیە، ڕەشپێستەکە بیشیەوێ نابێ بە سپی، کەچی ئێمە دو قۆناغمان لە بەرە: ۱) بێ باوەڕی بە خۆمان، ۲)توانەوەی یەکجاری.
هیوادارم کورد هەم گەورەپیاوانی خۆی و هەم پیاوانی وەکو فرانتس فانۆن باشتر بناسێت و لە وتاریان تێ بگا.

  #عیسا_ئەحمەدی_سنە
ڕەزبەری ۱٤۰۱ی کۆچی هەتاوی



👇👇👇👇👇


T.me/Mizankurdi


🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran